وەزیری بەرگری عێراق بەڵێنی دا بە زووترین كات كار لەسەر پێكهێنانی لیوای 20ی هاوبەشی پێشمەرگە بكات
پەیامی کورد ... وەزیری بەرگری عێراق بەڵێنی دا بە زووترین كات كار لەسەر پێكهێنانی لیوای 20ی هاوبەشی پێشمەرگە بكات
مەریوان قەرەنی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی لیژنەكەیاندا وەزیری بەرگری عێراق بەڵێنی دا بە زووترین كات كار لەسەر پێكهێنانی لیوای 20ی هاوبەشی پێشمەرگە بكات بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
مەریوان قەرەنی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، " دووشەممە سابت موحەمەد سەعید وەزیری بەرگری عێراق سەردانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆمان لەبارەی دوایین سەردانی وەزیری بەرگری بۆ ئەمریكا و كارەكانی وەزارەتەكەیان كرد".
دەشڵێت، "لەكۆبوونەوەكەدا ئاماژەمان بە هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی لیوای 20ی هاوبەش كرد و داوامان لێكرد بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و پڕكردنەوەی ئەو بۆشایی یە ئەمنییەی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق هەیە، بە شێوەیەكی خێراتر كار لەسەر درووستكردنی ئەو لیوایانە بكرێت".
بە ووتەی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری بەرگری عێراق بەڵێنی ئەوەیدا بە زووترین كات كار لەسەر درووستكردنی ئەو لیوایانە بكرێت و ڕایگەیاندوە، "ئەمڕۆ ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای بوودجەی گشتی سێ ساڵەی عێراق بە دەست وەزارەتی بەرگری گەیشتوە و بەڵێنی دا دەست بەجێ كار لەسەر درووستكردنی ئەو لیوایانە بكرێت".
ئەم بابەتە 12006 جار خوێندراوەتەوە