وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە ھیچ پێشنیارێک بۆ ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان ھەبێت بەھۆی پەتای منداڵانەوە و دەشڵێت، کار دەکەن بۆ ئەوەی تا کۆتاییی ئەمساڵ ڕێژەی بەکارھێنانی ڤاکسین بگەیەننە ڕێژەیەکی بەرز.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕاگەیاند: "ئێمە بەردەوامین و لە چواردەمین حەفتەی دابەزاندنی ڤایرۆسی کۆرۆناداین، لەبەر ئەوەی نەخۆشییەکی گوازراوەیە و قابیلی ئەوەیە لە ھەرکاتێکدا ڕێژەکەی بەرز ببێتەوە، یان پێچەوانە، ڤاکسین ڕێگەی سەرەکییە بۆ ئەوەی کۆرۆنا بنبڕ بکرێت، لەبەر ئەوەش داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگرنە بەر، وەک لێدانی ڤاکسین و بەستنی ماسک.''
وەزیری تەندرووستی دەشڵێت: "لە دوێنێوە ٤٥ تیمی گەڕۆک بۆ لێدانی ڤاکسین لە شوێنە گشتییەکان دەگەڕێن، ھەموو جۆرە ڤاکسینێکیش لە ھەرێمی کوردستان لە بەردەستدایە و ھەمووشیان کاریگەری خۆیان ھەیە، ئەو ڤاکسینەی لەبەردەستە فرسەتە بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین لە کۆرۆنا، لێدانی ڤاکسین ھێشتا بەپێی خواستی ئێمە نییە، ئەگەرچی ئێستا ڕێژەیەکی زۆری ڤاکسین لەبەردەستە.''
د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تا ئێستا ٢٤%ی ھاووڵاتییان ڤاکسینیان بەکار ھێناوە، ئەوانەی لە سەرووی ھەژدە ساڵییەوەن لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ٧٨٨ ھەزار کەس ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ٤٩١ ھەزاریش ژەمی دووەمیان وەرگرتووە، ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی تا کۆتاییی ئەمساڵ ڕێژەی بەکارھێنانی ڤاکسین بگەیەنینە ٤٠%، بەتایبەتی ئێستا ٦٥٠ ھەزار ڤاکسین لە کۆگاکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە.''
دەربارەی ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان بەھۆی ئەو پەتایەی لەنێو منداڵان ھەیە، د. سامان بەرزنجی ووتی: "ھیچ بڕیار و پێشنیارێک بۆ ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان نییە.''
ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە