وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا پڕن لە نەخۆش، زیاتر ئەو نەخۆشانەی ٣ تا ٤ ھەفتە لە چاودێریی چڕدا دەمێننەوە باری تەندرووستییان ناجێگیرە و لە بارێکی ترسناک دان، بۆ پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانیش سامان بەرزنجی ڕایگەیاند: ''ئەگەر مامۆستا ڤاکسینی وەرنەگرتبێت ئێمە دیراسەی بڕیارێک دەکەین، بێ تێستی کۆرۆنا مامۆستا ناتوانێت سەردانی ھۆڵەکانی خوێندن بکات.''
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان ٣٣٨٢ ھاووڵاتی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ھاوکات ٣٢ ھاووڵاتییش بەو پەتایە گیانیان لەدەست داوە. پەیوەست بە بارودۆخی کۆرۆنا و چەند بابەتێکی تر، لە لێدوانێکی تایبەتدا دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "وەکوو پێشتر پێشبینیمان ڕاگەیاندبوو لە نێوان ٤ تاوەکوو ٦ ھەفتە ھەڵکشانێک دەگاتە لووتکە، ئێستا لە لووتکە بەرەو خوارەوە دێت بەھێواشی، ڕۆژانە تووشبوون و داخلبوونیش ھەیە و حاڵاتی چاودێرییە چڕەکانیش زۆرن و نەخۆشخانەکان ھێشتا ھەر پڕن لە نەخۆش، بەداخەوە ڕێژەی مردنیش ھەر بەرزە، ئەمەش دەرئەنجام و لێکەوتەی چەند ھەفتەی ڕابردووە، واتا زیاتر ئەو نەخۆشانەی ٣ تا ٤ ھەفتە لە چاودێری چڕ دەمێننەوە و باری تەندرووستییان ناجێگیرە و لە بارێکی ترسناکدان، بەداخەوە ئەوانە ئەگەری مردنیان زیاترە، ھاوکات لە ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان توشبوو و مردنمان ھەیە و لە ھەمان بارودۆخدان لە ھەموو ڕووەکەوە
پەیوەست بە خۆپارێزی ھاووڵاتییان و کەمتەرخەمییان بەم بارودۆخەی ئێستای کۆرۆنا، وەزیری تەندرووستی ھۆشداری دەدات کە گوێنەدان بە کۆرۆنا بیروبۆچوونێکی زۆر ھەڵەیە و پێویستە زیاتر خۆمان بپارێزین، ھەروەھا جەختیش دەکاتەوە، ڕێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بارودۆخەکە، چوونکە ئێستا لەسەر ئاستی دنیا ڕێکارەکان گۆڕاون و زیاتر گرینگی بە خۆپارێزی دەدرێت و باشترین ڕێنماییش وەرگرتنی ڤاکسین و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و بەستنی ماسکە. ھەروەھا بە گوێرەی بارودۆخەکەش ھەرکات پێویست بێت لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆ دەبێتەوە.''
لەبارەی پێدانی ڤاکسین بۆ مامۆستایان، بەرزنجی دەڵێت: "ئێستا لە ھەڵمەتێکی ھەفتەی مامۆستایانداین، پێویستە ھەموو مامۆستایان سەردانی سیستەمەکە بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن و ڤاکسین وەربگرن. ئەگەر مامۆستا ڤاکسینی وەرنەگرتبێت ئێمە دیراسەی بڕیارێک دەکەین، کە دەبێت مامۆستاکە ھەفتانە تێستی کۆڕۆنا بکات، ئەوکات دەتوانێت سەردانی ھۆڵەکانی خوێندن بکات.''
ھاوکات لەبارەی ئەو ڕێنمایی و بڕیارانەی بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی کە سەردانی کوردستان، یاخود سەفەری دەرەوەی ووڵات دەکەن، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: "ئەو ھاووڵاتییانەی سەردانی کوردستان دەکەن، دەبێت تێستی کۆرۆنایان پێ بێت، یاخود ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان لێ درابێت، ئەو ھاووڵاتیانەشی سەردانی دەرەوەی ووڵات دەکەن، دەبێت تێستی کۆرۆنایان پێ بێت، ئەگینا ڕێ بە گەشتکردنیان نادرێت، تەنھا ئەو وڵاتە ئەورووپاییانە نەبێت کە داوای ھەردوو ژەمی ڤاکسین دەکەن، تاوەکوو ڤیزە بدەن بە ھاووڵاتیانی بیانی.''
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە