وەزیری تەندرووستی : ژمارەیەک کارمەندی تەندرووستی لە دھۆک دادەمەزرێن

پەیامی کورد   ...  وەزیری تەندرووستی : ژمارەیەک کارمەندی تەندرووستی لە دھۆک دادەمەزرێن

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ دەستبەکاربوونی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک ژمارەیەک کارمەندی تەندرووستی دادەمەزرێن و بە کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە شاری دھۆک دەچێتە قۆناغێکی گرینگی دیکەی کەرتی تەندرووستییەوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەھۆی قەیرانی دارایییەوە پڕۆژەی درووستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک وەستا و وەزارەتی تەندرووستی بە ھاوکاری رێکخراوێکی نێودەوڵەتی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی لەنێو نەخۆشخانەی ئازادی شاری دھۆک زیاد کردووە و  گوژمەی پێنج ملیۆن دۆلاری تێ چووە، ھەموو پێداویستییەکانی ئەو نەخۆشخانەیەش ئامادە کراون بە پزیشکی پسپۆڕەوە و، دوای ئەوەی کارمەندی تەندرووستی بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابین دەکرێن، دەست بە کارەکانی دەکات و بە شێوەیەکی سەردەمیانە پێشوازی لە نەخۆش دەکات."

وەزیری تەندرووستی ووتیشی: "بەھۆی ڕاگرتنی پرۆسەی دامەزراندنەوە پێویستمان بە کارمەندی تەندرووستی ھەیە، بەتایبەت بۆ پارێزگای دھۆک ژمارەیەک کارمەندی تەندرووستی دادەمەزرێن."

د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەپێی پێویستی کارمەند بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک دادەمەزرێن و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ھاوکار و ڕەزامەندە لەسەر دامەزراندنیان، لەبەر ئەوەی تەندرووستی دھۆک پێویستی بە سەرچاوەی مرۆیی ھەیە بۆ کارکردن لە نەخۆشخانەکە."


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە