وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە بابەتێکی گرینگ هۆشداری دەدات
پەیامی کورد ... وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە بابەتێکی گرینگ هۆشداری دەدات
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، "ئەگەر ریفۆڕم نەکرێت و فریای سیستەمی خوێندن لە پەروەردە و زانکۆکان نەکەوین ووڵاتەکەمان لەبەردەم کارەساتدایە"، دەشڵێت، "تەئکیدمان لەوەکردوەتەوە ئەوەندەی کە دەتوانرێت پلانی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆکان زیادبکرێت بەتایبەتی پلانی پزیشکی و کۆلێژەکان دەرمانسازی و پزیشکی گشتی".
د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پڕۆسەی زانکۆ لاین بەشێوەیەکی سەرکەوتو هاوشێوەی ساڵانی پێشووتر بەوپەڕی رەچاوکردنی پێوەرەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوە و هیچ جۆرە خەلەلێک نیە خۆشبەختانە، خۆم بە شەرەفمەند دەزانم لەرێگەی سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی زانکۆ لاینەوە هەم ویژانی خۆم و هەم لەبەرەدەم رای گشتی میللەتەکەمدا بەوپەڕی رووسووری و سەربەزییەوە بڵێم یەکێکە لەو سیستەمانەی کە بە باشترین شێوە لە ووڵاتی ئێمە جێگەی شانازییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی رابردودا بەهۆی گرفتی پلانەوە بەشێک لە خوێندکاران کە نمرەکانیان 99یە کورسیان بۆ دابین نەکراوە لە پزیشکی گشتی، بەڵام بۆ ئەوەی رای گشتی بەتەواوەتی 99.1 لە کۆیە و گەرمیان و هەولێر وەرگیراون، ئەوانەشی کە 99یان هەبوە و وەرنەگیراون ژمارەیان زۆر نیە کە 50 تا 60 کەسن، "تەنانەت لە دهۆک ئەو کێشەیەمان نیە و بەڵکو لەوێ خوێندکار بە نمرەی 98 وەرگیراوە، بۆیە ئەو ناڕەزایەتیەی کە خوشک و براکانی خۆمان هەیانە و وەرنەگیراون لە پزیشکی گشتی رەوایەتیەک لە داواکاریەکەیان دەبینم و پێشتریش لەگەڵ برایانی وەزارەت جەختمان لەوەکردوەتەوە ئەوەندەی کە دەتوانرێت پلانی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆکان زیادبکرێت بەتایبەتی پلانی پزیشکی و کۆلێژەکان دەرمانسازی و پزیشکی گشتی".
د. ئارام محەمەد باسی لەوەشکرد، "تا رۆژی یەکشەممە پێشنیاری زانکۆکان دەگاتە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و منیش دەیبەمە ئەنجوومەنی وەزیران و خوێندکارە ئازیزەکان کە بێ بەشکراون لە کورسی بەچاوی باوکانە سەیری داواکارییەکەیان دەکەم و خۆم بەرگری لە داواکەیان دەکەم و پێشموایە هاوڕێیانم لە ئەنجوومەنی وەزیرانی بەچاوی بەزەیی سەیری بابەتەکە دەکەن و ئەوانەی ٩٩یان هێناوە کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکرێت".
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زاستی هۆشداریدا لەوەی کە "سیستەمی خوێندن بە بنەڕەت و خوێندنی باڵاوە ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەبەردەم کارەساتی گەورەدایە، هیوادارم هەموولایەک کە بەرپرسن بەو بابەتە لەگەڵمان بن، هیوادارم رای گشتی رۆشنبیرانی ئێمە هاوکارمان بن و نەکەونە ژێر کاریگەری هەندێک لە شەپۆلی شەعبەویەتی و پۆپۆلیزم چوو
نکە ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی، پۆپۆلیزم ئێمەی گەیاندوە بە ئێرە، بەرپرسم لەو قسانەی دەیکەم، بۆ ویژانی خۆم و ئایندە و مێژو دەیڵێم فریای سیستەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان نەکەوین وڵاتەکەمان لەبەردەم کارەساتی گەورەدایە".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمساڵ دەتوانرێت کێشەکە چارەسەر بکرێت خۆشبەختانە قەبارەکەی گەورەنیە، بەڵام ساڵانی داهاتوو چی بکەین؟ ئەو لێشاوەی خوێندکار دێتە وەزارەتی خوێندنی باڵا چی لێبکەین؟ ئەو لێشاوە لە بنەڕەتەوە دەڕواتە ناوەندی دواتر بۆ ئامادەیی و لەوێشەوە دەڕواتە زانکۆکان و لە زانکۆکانیشەوە دەڕواتە سەر شەقام، ئێمە پێویستمان بەوەیە ریفۆڕمی قوڵ بکەین و دیراسەمان هەیە و هیوامان هەیە و پلانیشمان بۆ داناوە، پلانەکە لە ئایندەدا دەخەینەڕو بۆ رای گشتی و دەبێت ریفۆڕم بکەین ئەگەر نەیکەین کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەبێت و ئەگەر نەیکەین بە پینەوپەڕۆش چارەسەر ناکرێت".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە