وەزیری دارایی نابێت پارەی تەرخان کراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێندرێت
پەیامی کورد ... وەزیری دارایی نابێت پارەی تەرخان کراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێندرێت
لە سلێمانی وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە بەھیچ شێوەیەک نابێت پارەی تەرخانکراوی مووچە بۆ ھیچ بوارێکی تر بەکاربھێنرێ.
سێشەممە ١٨ی ٣ی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆ بووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر کێشە و گرفتی ھاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی ئەو سنوورە و "جەخت لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کرایەوە."
لەمبارەیەوەش، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە "نابێت لە ھیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ ھاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران درووست بکرێت، بەپێچەوانەوە ھەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنوێنییەکان درووست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوبەری بانکەکان دەکرێت."
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە "نابێت لە ھیچ بانکێک دەستکاری پارەی ھاووڵاتییان (ئەمانات، وەدائیع، توفیر و..ھتد) بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە."
ھەروەھا بڕیاردری ئەوەش درا، کە "بەھیچ جۆرێک نابێت لە ژێر ھیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ ھیچ بوارێکی تر بەکاربھێندرێت."
وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی پێکردووە، "جەخت لەحاڵەتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان و ھەر کەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنوێنییانە جووڵایەوە، داوا لە فەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینەبەر."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، کە "نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و کەمتەرخەمی و چاوپۆشی لە ھیچ بانکێک قبووڵ ناکەین."
ئەم بابەتە 47 جار خوێندراوەتەوە