وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوه ڕاوێژکارییان سەبارەت بە دانووستانەکانی ئێران و ئەمریکا ئەنجام دا

پەیامی کورد   ...   وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوه ڕاوێژکارییان سەبارەت بە دانووستانەکانی ئێران و ئەمریکا ئەنجام دا

وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە کۆبوونەوە و دوایین پێشهاتەکانی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکایان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی شەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

خەلیفە شەهین ئەلمەرار، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئیمارات، بەخێرهاتنی کرد و هەردوولا باسیان لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد، ئەمە جگە لە دوایین پێشهاتەکانی دانووستانەکانی ئێستای ئێران و ئەمریکا.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرینگی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ململانێیەک لە ناوچەکەدا کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو لێکەوتە کارەساتبارانەی کە بۆ هەمووان دەبێت.

ناوبراو جەختی لە پێویستی هاوکاری هەرێمی کرد بۆ درووستکردنی سیستەمێکی ئەمنی پاوەجێ کە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان بپارێزێت.

فوئاد حسێن، وێڕای ئاماژەدان بە پێویستی بەپەلەی درووستکردنی سەقامگیری لەڕێگەی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانەوە، جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆ وەک باشترین ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ڕێگریکردن لە گرژی دەمێنێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە گەیشتن بە گەشەپێدان و سەقامگیری سیاسی لە ناوچەکەدا تەنها لە ڕێگەی ژینگەیەکی ئەمن و سەقامگیرەوە دەکرێت، هەروەها ئاماژەی بە گرینگی هەماهەنگی هاوبەش کرد سەبارەت بە میکانیزمەکانی بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە بەتایبەت لە ژێر تیشکی ئاستەنگەکانی ئێستا.


ئەم بابەتە 22 جار خوێندراوەتەوە