وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەستی لە کار کشاندەوە

پەیامی کورد   ...   وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەستی لە کار کشاندەوە

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەینێت، بەهۆی ناجێگری باری تەندرووستی د. کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان دەست لەکار کێشانەوەی ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت کرد، سەرۆکی حکوومەت پەسندی کرد و بڕیاریدا د. کەمال وەک راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری وزە بەپێی توانا و دۆخی تەندروستی لە خزمەتکردن بەردەوام بێت.

دەقی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:.

لە ماوەی رابردوودا باری تەندرووستی دکتۆر کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتیەکان جێگیر نەبووە، بۆیە چەندین جار بە مەبەستی چارەسەری مووڵەتی وەرگرتووە. ئێستاش دووبارە بەڕێزیان بە مەبەستی چارەسەری، بە نیازە سەردانی دەرەوە بکات و پرۆسەی چارەسەریشی کاتی زیاتری پێویستە. لەبەر ئەو هۆیە بەڕێزیان بە ویستی خۆی، دەستلەکار کێشانەوەی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکوومەت کرد.

بۆ ئەوەی ئامادەنەبوونی دکتۆر کەمال ئەتروشی کاریگەری نەرێنی لەسەر کاروباری وەزارەت نەبێت، سەرۆکی حکوومەت دەست لە کارکێشانەوەکەی پەسند کرد و بڕیاری داوە کە بەرێزیان وەک راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری وزە، بەپێی توانا و دۆخی تەندرووستی ، لە خزمەت بەردەوام بێت. لە هەمان کاتدا کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا راسپێردرا، بە وەکالەت کاروباری وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بەڕێوە ببات.

 

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2022/5/26


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە