وەزیری شارەوانی سەبارەت بە گۆڕانکاری و قۆناغی گرینگ لە شاری هەولێر پەیامیک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...    وەزیری شارەوانی سەبارەت بە گۆڕانکاری و قۆناغی گرینگ لە شاری هەولێر پەیامیک بڵاو دەکاتەوە

به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی ماسته‌ر پلانی شاری هه‌ولێر هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا لافاو زیانی به‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاره‌كه‌ گه‌یاند و سه‌دان ماڵ بوون به‌ژێر ئاوه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراوان و په‌رله‌مانتاران و كونسووڵی گشتی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئۆزاكی ئۆهایۆ، جێگری به‌ڕێوبه‌ری گشتی ئاژانسی جایكا تۆماری گفتوگۆكانیان واژووكرد كه‌ بریتییه‌ له‌ پڕۆژه‌ی هه‌موار كردنه‌وه‌ی ماسته‌ر پلانی شاری هه‌ولێر.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دوای پێداچوونەوە، بڕیار لەسەر ھەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری ھەولێر دراوە و ئەمڕۆ گرێبەست لەگەڵ ئاژانسی جایکای ژاپۆنی کراوە بۆ ھەمواری ماستەرپلانی شاری ھەولێر کە پێی دەوترێ تۆماری گفتوگوکان، لە ئەمڕۆ بەدواوە ھەولێر دەچێتە قۆناغێکی دیکەی گەشەسەندنەوە و پیرۆزبایی لە خەڵکی شاری ھەولێر دەکەین، ھەمواری ماستەرپلانی ھەولێر لە کاتێکدایە ھەر ئەمساڵ بەھۆی باران و لافاوە زیانی زۆر بەر خەڵکی شارەکە کەوت، بەڵام بەھۆی ھەمواری ماستەرپلانی شارەکەوە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە دەکرێت.''

وەزیری شارەوانی دەڵێت: "ماستەرپلانی ھەولێر ساڵی ٢٠٠٩ ئامادە کراوە، بەڵام بەھۆی فراوانبوونی شاری ھەولێر و ھەلومەرجی ئێستا بە پێویستمان زانی ھەمواری ماستەرپلانەکە بکرێت و ئێستا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی وەک لایەنی سەرەکی و بە ھاوکاریی ئاژانسی جایکا و تیمێکی پسپۆڕی ژاپۆنی کار بۆ ھەمواری ماستەرپلانی شاری ھەولێر دەکەن، ئەمە بۆ جاری یەکەمە کە ھەموو بوارەکانی وەک دیزاین و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاو و ئاوەڕۆ و ھەموو بوارەکانی دیکە لەبەرچاو دەگیرێت.''

ساسان عەونی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ڕێگەی پلانی مامناوەند و درێژخایەن ماستەرپلانی ھەولێر ھەموار دەکرێتەوە کە قۆناغی یەکەم تا ساڵی ٢٠٣٠ کۆتایی دێت و قۆناغی درێژخایەن تا ساڵی ٢٠٥٠ دەخاینێت، ڕەگەزێکی دیکەی پەرەپێدانی پڕۆژەکە جێبەجێکردنی ۆورکشۆپە لە نێوخۆی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە، وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی جایکا لە ھەماھەنگی دا دەبن بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکە، خاڵێکی دیکە کە لای حکوومەت و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت جێگەی گرینگییە پرسی ژینگەپارێزیە و ھاوتەریب ڕێژەی سەوزایی زیاد دەکرێت لە شاری ھەولێر.''


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە