وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە سەر ئەم پرسە دەگاتە بەغدا
پەیامی کورد ... وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە سەر ئەم پرسە دەگاتە بەغدا
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا و باسی ڕووداوەکەی ھەولێر بۆ سەرۆک فراکسیۆنەکان دەکات، چوونکە زانیاری زۆر باشی لایە و گرینگە فراکسیۆنەکانیش بزانن و جگە لەوەش ئێمە لە رێکارەکانمان بەردەوام دەبین و دەزگا ئەمنییەکانی عێراقیش بانگھێشت دەکەین لەسەر ھەمان ڕووداو کە ھۆکار چیە بێ دەنگن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ووتی: "ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد سەردانی بەغدا دەکات، لەبەر ئەوەی ڕوونکردنەوەی لەکاتی سەردانمان بۆ ھەولێر بە لیژنەکەدا بۆیە ھەمان ڕوونکردنەوە بۆ سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقیش دەدات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ووتیشی: "وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانی ھەولێرمان کرد زانیاری زۆر باشی باس کرد، دەمانەوێت سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانیشی لێ ئاگادار بکاتەوە، کە زانیاری زۆر باشی لەسەر ڕووداوەکە لایە".
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: "ئەوەی دەکرێت بەشێکە لە گرتنەبەری رێکارەکان لەبارەی ڕووداوەکەی ھەولێر و بڕیارە خەڵکی دیکەش بانگھێشت بکەین بۆ پەرلەمان لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق کە بۆ بێ دەنگ بوونە و چیان ھەیە لەسەر ئەو ڕوداوە و چیان کردووە لەعێراق، بۆیە بەردەوام دەبن تا دەگەنە ئەنجامێک و ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر ئامادە دەکەن، دواتر ھەموولایەکی لێ ئاگادار دەکەنەوە".
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە