وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە و داوایەک ئاراستەی یەکیتی نیشتیمانی دەکات
پەیامی کورد ... وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە و داوایەک ئاراستەی یەکیتی نیشتیمانی دەکات
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رایگەیاند، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەی ٨٠ی خستوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و "هیوادارین برایانمان لە یەکێتی یەکەی ٧٠ بخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان رایگەیاند، "رێنمایی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوە بۆ رێکخستنی یەکەی پاسەوانی و دەستبەکاربوونی تیمی یەکەی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا کاتی ئەوەی کاربکرێت و بڕیارەکان جێبەجێ بکرێت، ئەمڕۆ داوام لە پەرلەمان کرد و داواش لە حزب و لایەنە سیاسیەکان دەکەم کە هاوکاری باشمان بکەن و لە نزیکەوە لەگەڵمان کاربکەن بۆ ئەوەی بابەتی پاسەوانی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەموو بەرپرسان دەکەن کە پاسەوانیان بۆ دیاریکراوە هەوڵبدەن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بڕگەو خاڵەکانی پەیڕەو و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی کە لە بەرئەنجامەکەی هەمووان قازانج دەکەن و هەم یەکسانی و هەم دادپەروەری، هەم دەتوانرێت داهاتێکی زیاتر بگەرێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.
رێبەر ئەحمەد لەبارەی هەڵگرتنی چەک ووتی، "بۆ پەرلەمانتارانمان رونکردنەوە کە لیژنەیەکمان درووستکردوە بۆ هەمواری یاسای چەک ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ و چەندین ساڵ پێش ئێستا ئەم یاسایە دەرچووە، بۆ ئەوەی ئەم یاسایە بگونجێت لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و ئەو کێشانەی رووبەڕووی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەمنی دەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەو چەکانەی لە هەرێم هەن شێوەیەکی فەرمیان پێبدرێت".
رێبەر ئەحمەد لەبارەی یەکگرتنی هێزی ٧٠ و ٨٠ی یەکێتی و پارتی ووتی، "پارتی بڕیاریداوە یەکەی ٨٠ بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەستیپێکردوە، چاوەڕوان دەکەین برایانمان لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو بڕیارە بدەن و یەکەی ٧٠ش بچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
ئەوەشی خستەڕوو، "پەکەکە لەروی سیاسی و سەربازییەوە بەهیچ جۆرێک لە هەرێمی کوردستان مووڵەتی نیە بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی کوردستان باوەشی کردوەتەوە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە و سودیان لەو هاوکاریە وەرگرتوە، وایلێهاتوە حەرامە خاوەن ماڵ لە هەندێک شوێن هاتووچۆ بکات و دەبێت هێزی پێشمەرگە مووڵەت لە خەڵکی تر وەبگرێت لەم چیا بۆ ئەو چیا و لەم گرد بۆ ئەو گردە، پێشمەرگە مافی خۆیەتی لە خاڵی سفری سنوورییەوە هەتاوەکوو ناوەندی شارەکان و مووڵەت لە هیچ کەسێک وەرناگرێت و خاکی خۆمانە و ئێمە بەرپرسین لەم ووڵاتە، ئەوەی پەکەکە کردی تەجاوزە لەسەر مافی پێشمەرگە و ئەمەش لەهیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکرێت".
رێبەر ئەحمەد ووتیشی، "ئەوە یەکلابوەتەوە کە پەکەکە هێرشیکردوەتە سەر پێشمەرگە و ئەوان خۆیان رایانگەیاندوە کە تەقەیان کردوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن و ئەو بابەتە پێویستی بە پرسیار و رای جیا جیا نیە، پێشمەرگە ئازادە لە هەرکوێیەک پێویست بکات سەنگەر لێبدات".
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە