وەزیری ناوخۆ: فەرمانی سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ دەكەین
پەیامی کورد ... وەزیری ناوخۆ: فەرمانی سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ دەكەین
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئەو هێزانەی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا خۆیان سەپاندووە، هۆكاری سەرەكی بۆردومان و تۆپبارانەكانكردنی ئەو ناوچانەن.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگارانی هەولێر و دهۆك، بڕیار درا لەسەر هەیكەلیەتی ئیدارە سەربەخۆكان بە گشتی پێداچوونەوە بكرێت، هەیكەلیەتەكە ڕێك بخرێتەوە و ئیدارەی زاخۆ و سۆرانیش لەسەر ئەو بنەمایە درووست بكرێت. لە ڕووی داراییەوە دۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی لەبار نییە بۆ كردنەوەی بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكان لەو ئیدارانە، بەڵام ئەوانەی پەیوەندییان بە خزمەتگوزاری پێویست و ڕۆژانە هەیە بۆ ناوچەكە، بڕیاردرا پێشنیار بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوە. لە رووی بوودجەی پێویست، پێشنیازی خۆمان كردووە. لە رووی دامەزراندن و میلاكاتەوە پێویستە دەسەڵات بە وەزارەتەكان بدرێت بۆ گواستنەوەی میلاكاتی پێویست.
ڕوونیشی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا ”بە پێویستمان زانی بڕیارەكە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت. لێژنەیەك بە نوێنەرایەتی (وەزارەتی ناوخۆ، دارایی، پارێزگارەكانی هەولێر و دهۆك لەگەڵ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران) پێكهێندراوە تا هەنگاو بە هەنگاو دیراسەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە بكرێت.
درووستكردنی دوو ئیدارەی تازە كاتی پێویستە، بەڵام فەرمانی سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ دەكەین كە پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی ئەم بابەتە.
ئاماژەشی بەوەش كرد كە زۆر شوێن هەن گرینگن و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر گرینگییان پێ دەدات، لە ئایندەدا ئەگەر دۆخەكە لەبار بێت چەند شوێنێكیتریش دەكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، بڕیاریشمانداوە چەندین بەڕێوبەرایەتی گرینگ لە ئاكرێ و بەردەڕەش بكەینەوە.
لە بەشێكی دیكەی پرێس كۆنفرانسەكەیدا، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لە ئەو مووشەكانە كرد كە دوێنێ لە ناوچەكانی سنووری كەركووكەوە ئاراستەی سنووری هەولێر كراون و ووتی: لەبارەی ئاراستەكردنی چەند مووشەكێك بۆ سنووری هەولێر كەس دەستگیر نەكراوە، ئەوەی باس دەكرێ ئۆتۆمبێلەكە لە سنووری كۆنتڕۆڵی هێزەكانی فیدراڵی بووە، هیوادارین ئەوان ڕێگر بن بۆ ئەوەی چیتر ئەم رووداوانە دووبارە نەبنەوە، ناكرێ تا سەر پایتەخت و هەرێمی كوردستان لە سنووری ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی فیدڕاڵییەوە ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە ببێتەوە. پێویستە سنوور بۆ ئەوانە دابنرێت كە دەیانەوێ كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق درووست بكەن.
لەبارەی بۆردومانەكەی دوێنێی پێنجوێن لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، ڕێبەر ئەحمەد رایگەیاند: ماوەیەكی زۆرە لە زۆر شوێنیتری هەرێمی كوردستان ئەم بۆردومانانە هەن، ڕەنگە بۆ ئەو ناوچەیە نوێ بێت، بەڵام چەندان ساڵە داوا دەكەین كە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكریت و هەرێمی كوردستان نەكرێتە گۆڕەپانێك بۆ كێشەیەك كە هیچ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەو هێزانەی خۆیان لەو ناوچانەدا سەپاندووە هۆكاری سەرەكی هێرشەكانن و پێویستە بارگە و بنەیان تێك بنێن بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە تووشی هێرشكردن نەبن و بیانوو نەدەنە دەست و كێشە بۆ خەڵكی كوردستان درووست بكەن“.
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە