وەزیری پێشمەرگە ڕەخنەی وەزارەتەکەی سەبارەت بە زۆڵمی بەغدا بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە ئاراستەی جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات

پەیامی کورد     ...    وەزیری پێشمەرگە ڕەخنەی وەزارەتەکەی سەبارەت بە زۆڵمی بەغدا بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە ئاراستەی جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە یاسای بوودجەی ٢٠١٩ دا پشکی پێشمەرگە دیاریکرابوو، بەڵام زوڵمێکی گەورە لە تاک بە تاکی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، کە پارەکە رەوانە نەکرا، بەڵام "ئێمە بەچاوی گەشبینییەوە سەیری پڕۆژەی بوودجەی ٢٠٢١ دەکەین".

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەوڵەکانمان بۆ وەرگرتنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بەردەوامە، راستە لە یاسای بوودجەی ٢٠١٩ شدا کە پشکی پێشمەرگە دیاریکرابوو، بەڵام زوڵمێکی گەورە لە تاک بە تاکی هێزەکانی پێشمەرگە کرا کە پارەکە رەوانە نەکرا، بەڵام ئێمە بەچاوی گەشبینیەوە سەیری پڕۆژەی بوودجەی ٢٠٢١ دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پێشمەرگە چۆن رووبەڕووی داعش بوەوە و ئەو فیداکارییە گەورەیەی کرد و بەرگری لە خاکی عێراق و کوردستان کرد، بەهەمان شێوە مافی خۆیەتی کە دامەزراوەکانی عێراق شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بنێرێت.

هاوکات بەشیر حەداد، جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەمیانی کۆنگرەیەکەیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کردوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک بابەت کە پەیوەستە بە بارو دۆخی ئەمنی و سەربازی لەناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی و لەسنوری نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەروەها شایستە دارایی و یاساییەکان کە لەسەر حکومەتی عێراق ئەرکە لە بەرامبەر بە حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەوەشی خستەڕوو، باسیان لە زیاترکردنی هەماهەنگی کردووە لە نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوان وەکوو پەرلەمانی عێراق چۆن بتوانن رۆڵێکی باش بگێڕن و چی بەوان دەکرێت تاوەکوو یارمەتی وەزارەتی پێشمەرگە بدەن تاوەکوو ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و لەناوعێراقیشدا بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوانی عێراق مافەکانی بەدەستبهێنێت.

بەشیر حەداد باسی لەوەشکرد، "هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە هەماهەنگی تەواو لە نێوان وەزارەتەکانی بەرگری عێراق و پێشمەرگە درووست بکەین تاوەکوو بتوانن هەموو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بەدەستبهێنین".

سەبارەت بە  پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ بەشیر حەداد ئەوەی خستەڕوو، "ئەو پڕۆژە یاسایە و پڕۆژەکانی تر گفتوگۆیەکی زۆر جیددی و ووردی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین شان بە شانی شاندەکانی حکوومەت و لایەنەکان کە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەت و لایەنەکانی عێراق دەکەن، پڕۆژەکە تێپەڕێنرێت، ئەوەی ئێمە دەزانین لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ ەوە حکوومەتی هەرێم باپەندبوونی خۆی بە رێککەوتننامەکن لەگەڵ حکوومەتی عێراق راگەیاندوە".


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە