وەزیری پەروەردەی هەریمی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتن ڤاکسەن لە قوتابخانەکان پەیامێکی ڕاگەیاند

پەیامی کورد      ...    وەزیری پەروەردەی هەریمی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتن ڤاکسەن لە قوتابخانەکان پەیامێکی ڕاگەیاند

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكوومەت ١٦ ملیار دیناری بۆ تەواوكردنی ٢٣ قوتابخانە لە ھەرێمی كوردستان تەرخان كردووە و لەمەودواش ھەر پڕۆژەیەك درووست بكرێت، پێویستە قوتابخانەشی تێدا بێت. دەشڵێت، پێویستە سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن.

ئالان حەمەسەعید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : "ئەمڕۆ ھاتووین لە (دیلان ستی) قوتابخانەیەكی ٢٤پۆلی بكەینەوە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە ٢٣ قوتابخانەی دیكە لە سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆك و ھەولێر تەواو بكرێن، كە ١٦ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە تەواوكردنیان دەكرێت، تا بەشێكی ئەو لۆدەی لەسەر قوتابخانەكان ھەیە، كەم بكرێتەوە".

وەزیری پەروەردە ئاماژەشی دا: "بەشێكی ئەو گەڕەكانەی پێویستیان بە قوتابخانە ھەیە، بۆیان تەواو دەكرێت و سوپاسی ھەموو ئەوانەش دەكەین كە ھاوكار بوون لە دروستكردنی قوتابخانە و پێشكەشكردنیان بە وەزارەتی پەروەردە".

ئالان حەمەسەعید ووتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردە و دەستەی وەبەرھێنان، سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە ھەموو ئەو پڕۆژانەی كە مۆڵەتیان وەرگرتووە و لەسەر وەبەرھێنەرەكانە كە قوتابخانە دروست بكەن و دروستیان نەكردووە، بۆیە بە شێوازێكی یاسایی پابەندی دروستكردنی قوتابخانەكان دەكرێن و ھەماھەنگییەكی باشیشمان ھەیە و چەند مانگێكە لەگەڵ دەستەی وەبەرەھێنان ئەو ھەماھەنگییە بەرھەمی باشی ھەبووە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنانە، ھیچ مۆڵەتێكی درووستكردنی پڕۆژە نادرێت كە قوتابخانە و خزمەتگوزارییە پێویستەكانی دیكەی تێدا نەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بەو ھۆیەوە لە داھاتوودا بەردی بناغەی چەند قوتابخانەیەكی دیكەش دابنێین".

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەشڵێت: "ڤاكسین بۆ مامۆستایان دابین كراوە، لە دوای ١-١٢-٢٠٢١ـەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەكان دەتوانن دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەرامبەر ئەو مامۆستایانە بەكار بھێنن، كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، بۆیە پێویستە سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن".


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە