١١ سیخوڕى ئیتلاعاتی ئێران لە تورکیا پلانى ڕفاندنی دژ بە یەکیان لێ ئاشکرا و دەستبەسەر کران
پەیامی کورد ... ١١ سیخوڕى ئیتلاعاتی ئێران لە تورکیا پلانى ڕفاندنی دژ بە یەکیان لێ ئاشکرا و دەستبەسەر کران
کۆمارى ئیسلامى بەردەوام لە ڕێگەى تیرۆر و ڕفاندنى دژبەرانییەوە هەوڵى کپکردنى دەنگە ناڕازییەکانى داوە و لەم چوارچێوەیەشدا سەدان تیرۆر و تۆقاندن و تەقینەوەى ئەنجام داوە و بە هەزاران کەسى کوشتووە. لە دوا هەوڵیشی دا کە دەستى لەگەڵ چەندین کەسى بەرپرس و چەکدارى تورکى تێکەڵ کردبوو، پیلانێکی ڕفاندنی دژبەرێکیان لێ ئاشکرا بوو و ١١ کەس بەم تۆمەتەوە دەستبەسەر کران.
لەم پیلانەى ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامى کە لە شارى زانگولداکى نزیک بە شاری مووش لە باکوورى تورکیا بوو، دادوەرێکى دادگاى ئانادۆڵووى ئیستانبوڵ و خاوەن کۆمپانیایەکى بەرگرى و چەند سەرهەنگى خانەنشین و چەند ئەفسەرێکى پۆلیس و تەنانەت ئەفسەرێکى چینى لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانى تورکیا دەستبەسەر کران کە هەموویان لە پلانەکەى ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامیدا بوون.
ئۆدا تیڤى بڵاوى کردەوە کە دەزگا ئیتلاعاتییەکانى کۆمارى ئیسلامى سیخوڕێکی خۆی بە ناوى عەلى قەهرەمان حاجی ئابادى ڕاسپاردووە کە کەسێکى دژبەرى ئێرانى بە ناوى شاه نەئیم بڕفێنێت. سخوڕەکەى کۆمارى ئیسلامى بۆ دانانى پلانەکەى چووەتە تورکیا و دواى دانانى پلانەکە گەڕاوەتەوە ئێران.
هاووڵاتییەکى دیکەى ئێرانى بە ناوى مورتەزا سوڵتان سانژلى کە لە شارى تۆزلا لە کۆماپانیایەکى بەرگرى بە ناوى "باى ساغڵەم" کارى کردووە، یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانى پلانى ڕفاندنەکە بووە کە ئەویش دەستبەسەر کراوە، خاوەنى کۆمپانیاکەش بە ناوى ئیحسان ساغڵەم بووە کە پەیوەندییەکى گەورەى لەگەڵ وەزارەتى بەگرى و هێزە چەکدارەکانى تورکیە هەبووە و دەستى هەبووە لە دیاریکردنى هێز و مۆرەکانى نێو بەرنامە و پلانەکە و ئەویش دەستبەسەر کراوە.
ئەم کۆمپانیایە لە ئوردن و مەجارستان و پاکستان و کۆنگۆ و کوەیت لقى هەیە و خەریکى مامەڵەی کەرەستە سەربازییەکانى وەک فڕۆکەى سەربازى و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەى بارهەڵگر و سیستەمى سکانى کەلوپەل و کۆنتینەر و جانتا و چەک و سیستەمى ڕادار و مادەى تەقینەوە بووە.
یەکێکى دیکە لە مۆرە سەرەکییەکان کە کارى لەگەڵ ئیتلاعاتى کۆمارى ئیسلامى کردووە، داوود یەڵماز ناوێک بووە کە لە دادگاى ئەنادۆڵۆ کارى کردووە. ئامانجى کارکردنى ئەم سیخوڕەش ئەوە بووە کە ئەگەر کێشەیەک ڕوو بدات لە ڕووى دادییەوە چارەسەرى بکات. یەڵماز پێشتر دادوەرى قزڵ تەپەى پارێزگاى ماردین و داوەرى گشتى شارى چشمە بووە و لە ساڵى ٢٠١٩ وەک دادوەرى پلە یەکى ناوچەى ئەنادۆڵووى ئیستانبوڵ دەستنیشان کرا.
موتەرزا سۆڵتان لە ٣٠ کانوون لە چوارچێوەى ئامادەکارییەکانى ئۆپراسیۆنى ڕفاندنەکەدا، کاتێک کە لە شارى زانگولداکى دەچێتە دەرەوە، میتى تورکیە بەدواى دەکەون. سیخوڕەکانى کۆمارى ئیسلامى ئاگادارى دەکەنەوە کە گومانلێکراوە. هەر بۆیە پلانەکە هەڵدەوەشێننەوە و مورتەزا ناچار لە ئیستانبوڵ دەمێنێتەوە. دەزگاى هەواڵگرى تورکیا هەر بە دوایەوە بووە تا کاتى دەستبەسەرکردنى. پێشتریش ١١ کەس کە لەو پلانەدا هەبوونە دەستبەسەر کراون کە لە نێویاندا ئیحسان ساغڵەمى خاوەنى کۆمپانیایەکى سەربازى و کەمیل تاشچى لیوای خانەنشین کراو بە ناوى موستەفا چیچەک ئەفسەرى پۆلیس لە ئیدارەى مێرمنداڵانى تورکیا ناویان هەیە.
دەزگای هەواڵگری ئێران ، پێشتریش لە تورکیا هەوڵى ڕفاندن و تیرۆرکردنى دژبەرانى خۆى داوە و لە هەندێکیشیاندا سەرکەوتوو بووە. هەر ماوەیەک بەر لە ئێستا ویستیان ئەرتەشی یەکى ئێرانى بە ناوى میهرداد ئابدارباشى لە شارى وان بڕفێنن بەڵام سەرنەکەوتن و لەو چوارچێوەیەشدا هەشت کەس دەستبەسەر کران کە دوویان سیخوڕى ئێران بوون.
لە ساڵى ٢٠٢٠ حەبیب شەعب دامەزرێنەر و ڕابەرى پێشووى تەڤگەڕى ئەهواز لە ئیستانبوڵ ڕفێندرا و لە ساڵى ٢٠١٩ـیش ئەندازیارێکى ئەرتەشى ئێرانى بە ناوى مەسعوود مەولەوى وەردنجانی لە ئیستانبوڵ تیرۆر کرا.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە