١٢ فڕاكسیۆن تێبینی حیزبەكانیان لەسەر دەستوور داوەتە پەرلەمان

پەیامی کورد      ...    ١٢ فڕاكسیۆن تێبینی حیزبەكانیان لەسەر دەستوور داوەتە پەرلەمان

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، ١٢ فراكسیۆن سەرنج و تێبینی حیزبەكانیان لەسەر دەستوور داوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان. دەشڵێ، تەنها ئۆپۆزسیۆن ماون رای خۆیان لەسەر دەستوور رەوانەی پەرلەمان بكەن.

مونا قەهوەچی، ووتی: "دوای ئەوەی رۆژی ١٢ی مانگی نیسانی ئەمساڵ داوامان لە سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان كرد كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی خۆیان بكەن ڕا و سەرنج و تێبینییەكانیان لەبارەی دەستوورەوە بگەیەننە ‌سەرۆكایەتی پەرلەمان، بە خۆشحاڵییەوە تاوەكوو ئێستا ١٢ فراكسیۆن پڕۆژەكانیان گەیاندووەتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان".

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەو ١٢ فراكسیۆنەی ئاشكرا كرد كە پرۆژەكانیان پێشكەش كردووە و ووتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، شیووعی، لیستی سەردەم، چاكسازی توركمان، بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، زەحمەتكێشانی كوردستان، ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، فراكسیۆنی میللەتی توركمان، بەرەی توركمانی و پارتی گەشەپێدانی توركمانی، سەرنج و تێبینی خۆیان بۆمان رەوانە كردووە ".

قەهوەچی گوتیشی: "بە شێوەی گشتی تاوەكو ئێستا فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن ماون سەرنج و تێبینی خۆیان پێشكەش نەكردووە، ئەوانیش ئامادەكاری دەكەن و چاوەڕێ دەكەین هەفتەی داهاتوو پێشكەشمان بكەن، چونكە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری قسەم كردووە و ئامادەكاریی خۆیان دەكەن".

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان زیاتر ووتی: "كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و، سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، هەموو كاتێك گرنگە ئەنجام بدرێت، بە تایبەت لەسەر پرسی دەستوور بۆ راوێژ و بەرنامەی كار و ئەو پرسانەی پەیوەستن بە پرسی نشتیمانی، بۆ كۆبوونەوەكەش لە هەفتەی داهاتوودایە و رۆژەكە دیاری نەكراوە، چوونكە چاوەڕێی ئۆپۆزسیۆن دەكەین تاوەكو ئێستا ماون را و سەرنجەكانیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن"

مونا قەهوەچی دەشڵێ: "بە پێویستی دەزانین لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا بتوانین ببین بە خاوەنی دەستووری خۆمان، كە گرینگییەكی زۆری هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و سەرجەم پێكهاتەكان و ئایین و ئایینزاكان و دەبێتە پارێزەری قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون".

لە 24-6-2009 پەرلەمان پڕۆژەی دەستووری پەسند كرد، بەڵام بە هۆی نەبوونی كۆدەنگییەوە، بۆ دەنگدانی هاونیشتمانیان هێڵدرایەوە و دواتر بێدەنگیی لێ كرا، هەروەها لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، ٥١ ماددەی رەشنووسی دەستوور كۆدەنگییان لەسەر كرا و، لە خولی پێنجەمیشدا گەیشتنە ٧٢ ماددە، بەڵام چەند ماددەیەك خاڵی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بوون، كە پەیوەندییان بە ئایین، سیستمی سیاسی و بەڕێوەبردن و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانەوە هەبوو، ئەمەش وای كرد ماددەكانی تر تەواو نەكرێت و دەستووریش بكەوێتە ئەم خولەی پەرلەمان.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە