١٣٨ ئاسەواری مێژوویی لە کرماشان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئێران ەوە دەستی بەر سەردا دەگیرێت

پەیامی کورد      ...    ١٣٨ ئاسەواری مێژوویی لە کرماشان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئێران ەوە دەستی بەر سەردا دەگیرێت

"حسێن مێهری" فەرماندەی یەکەی پاراستنی وەزارەتی ئاسەوارە میژووییەکانی ئێران وتوویەتی: "دەستمان بەسەر ١٣٨ ئاسەواری مێژوویی لە پارێزگای کرماشاندا گرتووە کە بۆ هەزار ساڵ پێش زایین، سەردەمەکانی ساسانی و ئیسلام دەگەڕێنەوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە: "لەلایەن پارێزەرانی ئاسەوارە مێژووییەکانەوە و لە  کاتی کڕین و فرۆشتنیان لە دووکانێکدا ئاگادار کراینەوە و کەسانی پەیوەندیدارمان دەست بەسەر کردووە".

"مێهری" لە درێژەدا زیادی کردووە کە ئەو ئاسەوارانە پێکهاتبوون لە ١٣٨ دانە، لەوانە "سکە، دەرزیلە، ملوانکە و ئەنگوستیلە".

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ھێزەکانی ڕێژیم بە ھاوکاری دەست و پەیوەندییەکانیان لە کوردستان کە زۆرینەیان سەر بە سوپای پاسدارانن، بە بیانووگەلی جۆراوجۆر، سەرقاڵی دزین و دەرھێنانی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانن.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک، هاوشێوەی دزینی هەموو سەرچاوەکانی داهات لە کوردستاندا، سەرقاڵی بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانیشە و تا ئێستا چەندین هەزار پارچەی گرانبەها لەم ئاسەوارانە کە نوێنگەی کولتوور و شارستانییەتی کوردستانە، بە تاڵان براون.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە