٢٥٠٠ هێزی سوپای ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە

پەیامی کورد      ...    ٢٥٠٠ هێزی سوپای ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای بڕیاری واشنتن بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی لەعێراق، بەڵام ٢٥٠٠ سەربازی وڵاتەکەی لە عێراق دەمێننەوە و لەبوارەکانی راوێژکاری، راهێنان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن.
ژەنەڕاڵ فرانک ماکنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەلێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ووڵاتەکەی باسی لەوەشكردوە، سەرەڕای گۆڕانکاری رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام بەشێک لە هێزەکانیان لەعێراق دەمێننەوە  و لەبواری بەرەنگاربوونەوەی داعش هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێشبینی دەکەین لەم مانگەدا گروپە چەکدارییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق زیاتر بکەن چوونکە دەیانەوێت هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە ووڵات بچنەدەرەوە، بەڵام ئێمە بەتەواوی ئەو وڵاتە جێ ناهێڵین و تەنها لەو بنکانە دەکشێینەوە کە مانەوەمان تیایاندا پێویست نیە.. بەشێک لە هێز و لایەنەکانیش تائێستا خواستی مانەوەی ئەمریکایان هەیە و مانەوەی ئێمە بەگرنگ و پێویست دەزانن".
 
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئەوەشی خستوەتەڕو، چەکدارانی داعش بوونەتە مایەی مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق و لەئێستادا خۆیان رێکخستوەتەوە، "بۆیە دەبێت گەرەنتی ئەوە بکرێت ئەو گرووپە چەکدارییە نەتوانێت پەیوەندی و گواستنەوە بە چەکدارەکانی لەناوچەکانی دیکەی جیهان بکات، چوونکە ئەو کات زیاتر مەترسیدارتر دەبێت".
8ی ئەم مانگەش جۆ بایدن، سەرۆکی ویلاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکا لەدوای 31-12-2021ەوە لەعێراق بونی نامێنێت، بەڵام هاوبەشی نێوان واشینتۆن و بەغدا لەبواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت.

ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە