٣٠ هەزار دۆلار غەرامە بۆ خاوەن خانووە درۆزنەکە

پەیامی کورد   ...  ٣٠ هەزار دۆلار غەرامە بۆ خاوەن خانووە درۆزنەکە

خاوەنی موڵکێکی نیشتەجێبوون لە شاری مۆنتریال بە بیانووی ئەوەی کوڕەکەی دەیەوێت لە ماڵەوە نیشتەجێ بێت، داوای لێبوردنی لە کرێچیەکەی کرد کە پێنج منداڵی هەیە. بەڵام دادوەری دادگای کارگێڕی خانووبەرە لەسەر تاوانی ناپاکی و درۆ و پێشێلکردنی مافی کرێچی بە بڕی ٣٠ هەزار دۆلار غەرامەکردنی بەسەردا سەپاند.

دادوەر بۆی دەرکەوت کە خاوەن خانووەکە بە درۆ بیانوویەکی لەو شێوەیەی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە کرێچیەکەی کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لەوێ دەژی.

چیرۆکەکە کاتێک ئاشکرا بوو کە کوڕی خاوەن خانووەکە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تیک تۆک خۆشحاڵی خۆی بە نۆژەنکردنەوەی ئەم شوقەیە دەربڕی و بە خۆشحاڵییەوە نووسیبووی نەبوونی کرێچی باشترە لە کەمی کرێ.

بەپێی ئەو بڕیارەی لەم دۆسیەیەدا دەرچووە، خاوەنەکەی هەرگیز بەنیازی ئەوە نەبووە کوڕەکەی لەم شوقەیە نیشتەجێ بکات، بەڵکو بە شێوەیەکی نایاسایی کرێچییەکەی دەرکردووە و مافی مانەوەی پێشێلکردووە.

بەپێی ئەم بڕیارە، خاوەن خانوو دەبێت نزیکەی شەش هەزار دۆلار وەک قەرەبووی ئەخلاقی و ماددی بدات، هەروەها ٢٤ هەزار دۆلار وەک قەرەبووی سزای کرێچی پێشووی بدات.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە