٤ بەڕێوبەری ناحیە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست بەکار بوون
پەیامی کورد ... ٤ بەڕێوبەری ناحیە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست بەکار بوون
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ کاروباری کارگێڕی دەڵێ: سۆران سنوورێکی بەرفراوانی ھەیە و ھەر شوێنێک پێویستی بە گۆڕانکاری ھەبێت ئاساییە گۆڕانکاری لێ بکرێت.
حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سنوورێکی بەرفراوانی ھەیە، لەوانەش شەش قەزا، ١٤ ناحیە و ٢٣ شارەوانی، ھەر کاتێک پێویستی بە گۆڕانکاری ھەبێت ئەنجام دەدرێت، چوونکە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئیدارەیەکی نوێیە و خەریکی ڕێکخستنی ھەیکەلی خۆیەتی بۆ نموونە قایمقامیەتی خەلیفان زیادبووە قایمقام و بەڕێوبەری ناحیە دەست بەکار دەبن.
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ووتیشی: سەبارەت بەو چوار بەڕێوبەرەی ئەمڕۆ دەست بەکاربوون پێشتر لەو سنوورانە بۆشایی ھەبوو و بە وەکالەت پۆستی ئەو ناحیانە بەڕێوە دەبرا، ئێستا چوار بەڕێوبەری نوێ دەست بەکار بوونە.
حەکیم تێلی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەھۆی بڕیاری بەقەزابوونیان دوو ناحیەی دیکە لە سۆران زیاد دەکرێن ئەوانیش ناحیەی کانی ڕەش لە قەزای سیدەکان و ناحیەی سرێشمە لە قەزای خەلیفان، بڕیاری ناحیەبوونیان دەرچووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەردوو ناحیەکە دەستبەکار دەبن، بێگومان لەگەڵ دەست بەکاربوونی ناحیەکان فەرمانگەی دیکەش لەو ناحیانە دەکرێنەوە.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە