٥٩ ساڵ پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی و قسەکەی تۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمریکا

پەیامی کورد      ...   ٥٩ ساڵ پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی و قسەکەی تۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمریکا

ئەمرۆ ٢٠ ی ئایار ، درووست ٥٩ ساڵی رەبەقە بێ دابڕان ، سەرۆک بارزانی پێشمەرگەیە . جەنابیان لە زۆر بۆنە و لێدواندا هەمیشە جەختی لەوە کردۆتەوە کە گەورەترین پلەو پایە و شانازی ئەوەیە پێشمەرگەیە.

لە گەرمەی شەڕی بەرگری لە کوردستان لە تیرۆریستانی داعش، هەر لەسەرەتاوە جەنابی سەرۆک وەک سەرۆکی هەریمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە مەیداندا و لە نزیکەوە سەرپەرشتی بەرەکانی شەڕ و هەلمەتەکانی پیشمەرگە و ووردەکاری نەخشەو پلانە سەربازییەکان و دابینکردنی پیداویستییەکانی بەرەکانی دەکرد. لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ جەنابیان میحوەری رۆژئاوای دیجلەی بەسەردەکردەوە کە ئەمریکیەکان داوایان کردبوو شاندیکیان دێت و دەیانەوێت لە نزیکەوە جەنابی سەرۆک ببینن.
کات دانرا کە رۆژی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ بوو ، لە بارەگای فەرماندەیی دهۆک شاندەکە ببینێت.
تۆنی بلینکن کە ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە ئەو کات راویژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جۆزیف بایدنی جیگری سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بوو و سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرد و ستیوارت جۆنز بالێۆزی ئەمریکا بوو لەگەل برێت ماکگۆرک و کونسولی ئەمریکا ئەندامی شاندەکە بوون.
پاش بە خێرهاتنیان لە لایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە، تۆنی بلینکن بە گەیاندنی سڵاوی ئۆباما و بایدن دەستی بە قسەکانی کرد و
وتی : جەنابی سەرۆک زۆر بابەت هەیە کە قسەیان لە سەر بکەین بە تایبەتی دوا پەرەسەندنی شەری داعش و مەلەفی پێکهێنانی حکوومەت لە لایەن عیبادی و پیداویستییەکانی پێشمەرگە و رۆڵی سوننەکان لە پرۆسەکە ، بەلام دەمەوێت بە جەنابت بڵێم کە چوومەوە یەکەم شت بە باراک ئۆباما و بایدن بڵێم ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی گەنجتر بووەتەوەو تەندرووستییەکی باش و وزەیەکی فراوان و چالاکیەکی زۆری پێوە دیار بوو لە چاو  جاری پێشوو کە لە ٢٠١٢ لە ئۆفیسەکەی خۆی لە سەرۆکایەتی هەریم لەگەڵی کۆبووینەوە. دەکرێت نهێنی ئەمەمان پێبڵێیت.
جەنابی سەرۆک لە ووڵامدا ، بە خەندەیەکەوە وتی: ئاخر ئێستا گەروامەتەوە ئیشە ئەسلەیەکی خۆم کە پێشمەرگایەتییە و ئەم کاری پێشمەرگایەتیەم لە هەموو پۆست و ناونیشانێک لا پیرۆزترە. سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بەرگری لە کوردستانم لە کاری ناو ئۆفیس لا پیرۆزترە بۆیە شانازی بە پێشمەرگە بوونی خۆمەوە دەکەم و هەر ئەمەشە ووزەو چالاکی و بەردەوامی زیاترم پێدەبەخشێت.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە