٥ پڕۆژە یاسای گرینگ لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ەوە پەسەند کران
پەیامی کورد ... ٥ پڕۆژە یاسای گرینگ لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ەوە پەسەند کران
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ٥ پڕۆژە یاسای پەسەندکرد، هاوکات بڕیاردرا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانی لە ناو پڕۆژەی بوودجە جێگیربکرێن و دواتر ئامادە بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیران ودواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێکیان تایبەت بە دوا ژمارەکانی پڕۆژە بوودجەی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢١ خستەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانی ئەنجوومەن لە ناو پڕۆژە یاساکە جێگیر بکرێن و دواتر ئامادە بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیران ودواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
لە ڕاگەێنددراوەکەدا هاتووە، لە بڕگەی دوەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبونەوەی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ووشکەساڵی خستەڕو، کە تیایدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان وپارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پێشنیار و پلان و کاری لە پێشینەی خۆیان پێشکەش کردوە و وا بڕیارە لەھەفتەی داھاتوو، پیلانی سەرتاسەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ووشكە ساڵی ئامادە بێت تا لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندبکرێت ولە نزیکترین دەرفەتدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران ٥ پڕۆژە یاسای پەسەندکرد کە بریتی بوون لە " پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان - عێراق " و " پڕۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو ژمارە ٢٠ ی ساڵی ١٩٩٨ ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان -عێراق " و " پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاساکانی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی وپیشەسازی، یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، یاسای بازرگانی " و بڕیاردرا ئەم پڕۆژە یاسایانە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریع کردنیان.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە