٧ بڕیاری گرینگ لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری یەوە دەربارەی خانەنشینی پلە تایبەتییەکان دەرکرا
پەیامی کورد ... ٧ بڕیاری گرینگ لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری یەوە دەربارەی خانەنشینی پلە تایبەتییەکان دەرکرا
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خانەنشینی پلە تایبەتییەکان لەکاتی هەموارکردنەوەی مووچەکانیان خزمەتی (شارستانی، پێشمەرگەیاتی، هێزەکانی ناوخۆ، سەندیکا و ئاوارەییان) بۆ هەژمار دەکرێت و دەبێت لەماوەی دوو مانگدا بەڵگەنامەکانیان پێشکەشی ئەنجوومەنی راژە بکەن، تا ئەو کاتەش بەگوێرەی یاسای چاکسازی لەنێوان ٥٠% تا ٦٠%ی مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ بە واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەرچووە ٧ رێنمایی بۆ چۆنیەتی هەموارکردنەوەی مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتییەکان دەرکردوە، لەخاڵی یەکەمی بڕیارەکەدا هاتووە خانەنشینی سەرجەم پلە تایبەتییەکان لەکاتی هەموارکردنەوەی مووچەکانیان بەگوێرەی یاسای چاکسازی، خزمەتی (شارستانی، پێشمەرگەیاتی، هێزەکانی ناوخۆ، سەندیکا و ئاوارەییان) بۆ هەژمار دەکرێت، بۆیە پێویستە ئەو کەسانە بەڵگەنامەکانیان ئاڕاستەی لیژنەی راژەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن.
ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی خزمەتی پێشمەرگایەتییان هەیە پێویستە لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە راستاندن بۆ بەڵگەنامەکانیان بکرێت و پاشان بۆ لیژنەی راژە بەرزبکرێتەوە، تا تەواوکردنی رێکارەکانیش مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتییەکان بەرێژەی ٥٠% تا ٦٠% خەرج دەکرێت.
وەزارەتی دارایی داوا دەکات سەرجەم ئەو کەسانەی بە پلەی تایبەت خانەنشین کراون لەماوەی دو مانگدا بەڵگەنامەکانیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، بەپێچەوانەوە دواتر هەژماری خزمەتیان بۆ ناکرێت.
٧ی ئەیلولیش وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەکۆی ١٨٣٩ پلەی تایبەت کە پێداچوونەوە بەدۆسییەکانیان کراوە، دۆسیەی ١١٧٠ کەیس هەموارکراوەتەوە ٦٦٩ کەس بەهۆی بونی کێشە لە دۆسییەکانیان مووچەکانیان ڕاگیراوە، لەو ژمارەیەش مووچەی ٤٢ وەزیر راگیراوە کە "بەفیعلی وەزیر نەبوون".
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە