پارتی : دانووستانەکانی شاندی پارتی زۆر باش و گفتوگۆکانیش لەگەڵ ھەموو لایەنەکان زۆر ئەرێنین

پەیامی کورد     ...   شاندی دانووستانکاری پارتی : دانووستانەکانی شاندی پارتی زۆر باش و گفتوگۆکانیش لەگەڵ ھەموو لایەنەکان زۆر ئەرێنین

ئەندامێکی شاندی دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ووتی، دانووستانەکانی شاندی پارتی زۆر باش بەڕێوە دەچن و گفتوگۆکانیش لەگەڵ ھەموو لایەنەکان زۆر ئەرێنین. دەشڵێ: "ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێک نییە و سوننە و شیعەش پشتگیری لە ئێمە دەکەن".

ڕێناس جانۆ، ڕاێدەگەێنێت : "گفتوگۆکانی ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامن و زۆر باشیش بەڕێوە دەچن، کە تاوەکوو ئێستا ئەنجامی باشیان ھەیە و ئێمەش لەگەڵ ھەمووان بێ جیاوازی گفتوگۆ دەکەین و ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێک نییە، ئەوەی گرینگە لای ئێمە ئەوەیە، کە کێ داواکاری کورد جێبەجێ دەکات."

جانۆ ووتیشی: "ئێمە بە دوو قۆناغدا تێپەڕ دەبین و کاریان لەسەر دەکەین، ئەوانیش یەکەم داواکاری دەستووری و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و داڕشتنی سیستەمی سیاسی لە عێراق، دووەمیش کارکردن بۆ راستەرێکردنی پرۆسەی سیاسی و جێبەجێکردنی داواکاری کورد، لەسەر ئەو دوو پرسە کار دەکەین و ئێستاش لە قۆناغی یەکەم داین".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "بۆ پۆستی سەرۆککۆماریش بەردەوامین لە دانووستان و دانووستانەکانیش زۆر باش بەڕێوە دەچن، سونە و شیعەش پشتگیری لە ئێمە دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە".

دەشڵێ: "لە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق نزیک دەبینەوە و ئەم ھەفتەیە کاندیدان یەکلا دەکرێنەوە و ھەفتەی داھاتووش سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت، ئێمەش ھەر لە بەغداین و دانووستانەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکوو لەگەڵ لایەنەکان دەگەینە رێککەوتنێک".


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە