پارتی: داهاتی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت لێبڕینی مووچە نامێنێت
پەیامی کورد ... پارتی: داهاتی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت لێبڕینی مووچە نامێنێت
ووتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەگەر هەموو داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت شتێک نامێنێ بەناوی لێبڕینی مووچە.
پێشەوا هەورامانی، ووتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لەبارەی کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە رایگەیاند، "ئەگەر هەموو داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆ لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان ١٠٠% نەک بە نیوەچڵی بگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت شتێک نامێنێ بەناوی لێبڕینی مووچە".
ئەو ووتانەی ووتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لەکاتێکدایە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن رەخنە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن بەوەی کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار و زیادکردنی داهاتی ناوخۆ بەڵام هێشتا بەردەوامە لە دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینی ٢١% بۆ فەرمانبەران و ٥٠% بۆ پلە باڵاکان.
دوێنێش شاسوارعەبدۆلواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەبانگەوازێکدا کە ئاڕاستەی "سەرجەم هێز و لایەنە ناڕازییەکان، هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، گرووپ و رێکخراو و سەرجەم مامۆستایانی ناڕازی هەموو گرووپ و لایەن و تاکە ناڕازییەکانی دیکە"ـی کردوە رایگەیاند، "داواکارین لە هەمووان، لەم دۆخە قورسەی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانی تێدایە و بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان نەبنە خۆپیشاندانی حیزبی و تاک لایەنە، داواکارین لە هەموو لایەکتان، رۆژی ٢٥ی مانگ کاتژمێر ١١:٠٠ کۆبوونەوەیەکی گشتی و سەرتاسەری ئەنجام بدرێت تایبەت بە دیاریکردنی کات و بەرێوەبردن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری گشتی لە هەرێمی کوردستان".
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە