پارتی دیمۆکراتی کوردستان : بێگومان ھۆشیار زێباری سەرۆککۆماری داھاتووی عێراقە
پەیامی کورد ... پارتی دیمۆکراتی کوردستان : بێگومان ھۆشیار زێباری سەرۆککۆماری داھاتووی عێراقە
ئەندامێکی شاندی دانووستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا ووتی: "دانووستانەکان بۆ سەرخستنی کاندیدی خۆمان ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەردەوامن و ھەمووان پشتگیری لە کاندیدکردنی دەکەن، نەک تەنیا لە ناوخۆ، بگرە لەسەر ئاستی دەرەوەش، بۆیە ھاوپەیمانی یەکی بەھێزمان درووست کردووە، کە بێگومان ھۆشیار زێباری سەرۆککۆماری داھاتووی عێراقە".
موحسین سەعدوون، رایگەیاند: "لە دانووستان و پەیوەندییەکان بەردەوامین و ھاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ کوتلەکانی سەدر و حەلبووسی و خەمیس خەنجەر زۆر بەھێزە و، دەمانەوێت کێشەی شیعەش چارەسەر بێت، دەست پێشخەری سەرۆک بارزانیش بۆ چارەکردنی کێشەکانی ئەوان، زۆر لە شوێنی خۆیدا بوو، کە سەرۆکی ھەرێم سەردانی سەدری کرد، ئەوەش گرینگ بوو بۆ پرۆسەی سیاسی و ھیوادارین ھەمووان بەشداری لە حکوومەتدا بکەن".
سەعدوون ووتیشی: "لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریش، ھەڵوێستی ئێمە تا ئێستا زۆر باشە و ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە سەرۆککۆماری داھاتوو ھۆشیار زێباری یە، ناشمانەوێت ھیچ کێشەیەک درووست بێت، نەک لەسەر ئاستی ناوخۆش، بگرە لەسەر ئاستی وڵاتانیش پشتگیرییەکی باشی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن، بە تایبەت ووڵاتانی عەرەبی، چوونکە عێراقی گەڕاندەوە بۆ ئەندامی کۆمکاری عەرەبی و هەروەها ئەم ووڵاتەی لە بەندی حەوتەم دەرھێنا و بە دانپێدانانی ھەموو ئەندامانی کۆماری عەرەبی، کاتی خۆی ھۆشیار زێباری باشترین وەزیری دەرەوەی عێراق بووە".
دەشڵێ: "کاری باشمان بۆ کردووە و زۆرینەی دەنگ بۆ زێباری دەبێت، ھیچ لایەنێکیش دژی کاندیدکردنی نییە و ھەمووان پشتگیری دەکەن، چوونکە ھاوپەیمانی یەکی بەھێزمان ھەیە لەگەڵ ھەمووان و بەو ھاوپەیمانی یە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دیاری کران، کە تا ئێستاش ھاوپەیمانییەکە بەردەوامە و ئێمەش لە دانووستان بەردەوام دەبین تا کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت و سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت و ھۆشیار زێباری دەبێتە سەرۆککۆمار، چوونکە متمانەی تەواومان ھەیە کە سەرکەوتنی زێباری ھیچ گومانی تێدا نییە و بە ھیچ شێوەیەکیش کاندیدی خۆمان ناکشێنینەوە".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە