پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان ڕاگه‌ێندراوێكی هاوبه‌ش بڵاوده‌كه‌نه‌وه
پەیامی کورد ... پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان ڕاگه‌ێندراوێكی هاوبه‌ش بڵاوده‌كه‌نه‌وه
له‌كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا كه له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌و بڕیاردرا به‌زووترین كات شاندێكی باڵای سیاسی و حكوومی سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ گه‌یشتن به‌رێكه‌وتن و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌تایبه‌تیش ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم.
به‌گوێره‌ی راگه‌ێندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه به سه‌رپه‌رشتی نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان له هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌ێندراوه‌كه، كۆبوونه‌وه بڕیاريدا به زووترین كات شاندێكى باڵاى سیاسى و حكوومی هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ و لایه‌نه عێراقییه‌كان بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، به‌تایبه‌تیش بابه‌تى ماف و شایسته دارایییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و جێگیركردنیان له پڕۆژه‌یاساى بوودجه‌ى 2021ى عێراقدا.
كۆبوونه‌وه جه‌ختى له‌سه‌ر پشتگیری چاكسازییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له داهات و خه‌رجی هه‌رێم و گرتنه‌به‌رى هه‌موو هه‌نگاوێكى پێویست كرده‌وه بۆ دابینكردنى مووچه‌ى مانگانه‌ى مووچه‌خۆران و ووڵامدانه‌وه‌ى داوا ڕه‌واكانیان.
كۆبوونه‌وه جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه كه خۆپیشاندانى مه‌ده‌نیانه‌ى دوور له گرژى و په‌لاماردانى دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان و سه‌روماڵى هاووڵاتیان، مافێكى ڕه‌وایه و لایه‌نه‌كان جه‌ختیان له به‌رپرسیاریه‌تی هاوبه‌ش كرده‌وه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانى هاوڵاتیان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى نه‌خوازراوى هه‌رێمى كوردستان، چاره‌سه‌ركردنى كێشه و قه‌یرانه‌كان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان و پارێزگاریكردن له قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا.
ئەم بابەتە 11999 جار خوێندراوەتەوە