پارتی و یەکیتی ، پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدا

پەیامی کورد      ...   پارتی و یەکیتی ، پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدا

ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە و دەیانەوێت بیکەن بە کارنامەیەکی کوردستانی، بۆ ئەوەی لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدا بیخەنەڕوو. ئاشکراشی کرد، یەکلاکردنەوەی پۆستەکان لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بڕیاری لەسەر دەدرێت.

مەحموود محەمەد، ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی هاتنی شاندی رەوتی سەدر بۆ هەولێر رایگەیاند: "هاتنی ئەو شاندەی رەوتی سەدر پەیوەندی بەوە هەیە، کە بڕیارە رۆژی 9/1/2022 یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، هەروەها پێشتر هەندێک لێکتێگەیشتن لەنێوانمان هەبووە، لەبارەی چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق پێویستە لەناوخۆشماندا لە کوردستان گفتوگۆ بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی شاندی ئێمە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆدەبنەوە".

روونیکردەوە: "کۆبوونەوەی سبەی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەی دوو لیژنەیە، یەکێک لە لیژنەکان تایبەتە بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەغدا، باس لەوە دەکرێت ئەو بابەتانە دەبێ لێرەوە کارنامەی لەسەر درووست بکرێت، کە بۆچوونمان چیی بێت بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق، هەروەها ئەو مافانەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەیەتی، بابەتە گرنگەکانی خەڵکی کوردستان لە کارنامەکەدا جێی بکرێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەموو پرسانە دەکرێت".

سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتن لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە، ووتەبێژی پارتی ووتی: "لە رابردوودا هەندێک جار ئەمریکا و بەریتانیاش هێنراونەتە ناو رێککەوتنەکان بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەڵام لە دواییدا جێبەجێ نەکراوە، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر مسداقیەتی ئەو لایەنەی رێککەوتنی لەگەڵ دەکرێت، کە ئایا پاندە بە رێککەوتن و ئەو بەڵێنانەی دەیدات، بۆیە گەرەنتی ئەوەیە ئەو بابەتە گرنگانەی چەند ساڵێکە ماونەتەوە، لەناو کارنامەکەی ئێمەی کوردستانی هەبێت و بە راشکاوی لەگەڵیان باس بکەین و بە جیددی لەگەڵیان لەسەر خەت بین".

دەربارەی بۆچوونی رەوتی سەدر، ئاماژەی بەوەدا: "ئەوان باسی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکەن، ئێمە پێمانوایە ئەو حکوومەتە دەبێ دەرگا و پەنجەرەکانی کراوەبن بۆ هەموو لایەنەکان و تێیدا بەشداربن، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەدان تەنها ئەو لایەنانە بەشداربن کە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆریان هێناوە، بە بۆچوونی ئەوان ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز هەبێت، دیموکراستی دەچەسپێت. جیاوازی ئێمە لەگەڵ ئەوان ئەوەیە کە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان جیاوازە لەگەڵ بەغدا، جگەو لەو نیشتمانەی هەمانە وەک کوردستان بەشداریشین لەو نیشتمانەی پێی دەڵێن عێراق، کۆمەڵێک کێشەی نەتەوەییمان هەیە کە ئەوان نیانە، بۆیە دەبێ لەنێو کارنامەکەمان ئەوە رەنگبداتەوە".

سەبارەت بە جیاوازی لە بۆچوونی پارتی و یەکێتی، مەحموود محەمەد گوتی: "پڕۆژەیەکی کارنامەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی ئامادە کراوە، لەسەر ئەو بابەتە جیاوازیمان نییە، بەڵام پێویستی بە نوێکردنەوەیە کارنامەکە بکەینە کارنامەیەکی کوردستانی، بۆ ئەوەی خاڵە گرینگەکانی لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکانی بەشدار لە حکوومەت جێبەجێ بکەین".

گوتیشی: "یەکلا کردنەوەی پۆستەکان پەیوەندی بەو لیژنەیەوە نییە کە کۆدەبنەوە، بەڵکوو پۆستەکان لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی یەکلایی دەکرێنەوە".

جەختیکردەوە: "کۆبوونەوەی سبەی شاندی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو کارنامەیە دەبێت کە لە گفتوگۆکانی بەغدا دەیخەنەڕوو".


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە