پارتی و یەکێتی بە یەک پڕۆژە دەچنە بەغدا

پەیامی کورد     ...    پارتی و یەکێتی بە یەک پڕۆژە دەچنە بەغدا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ووتی، پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیەکی ھەیە بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگی بچێتە بەغدا، چوونکە بەو شێوەیە بەھێزتر دەبێت، بۆیە بڕیارە پارتی و یەکێتی بە یەک پڕۆژە بچنە بەغدا بۆ گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق و ئەو شاندەی پارتی ئێستا لە بەغدایە بۆ ڕاوێژکردن سەردانی کردووە.

دکتۆر ئاراس حسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند : ''بێگومان بەرنامە و پڕۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش ئەوە بووە کە کورد بە یەکدەنگی بچێتە بەغدا، چوونکە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەھۆی نەبوونی یەکدەنگییەوە زۆر کێشەمان بۆ دروست بووە و کۆمەڵێک پەرلەمانتار نەک ھاوکار نەبوون، بگرە دژی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی وەستان، بۆیە ئەم جارە دەمانەوێت لە قۆناغی یەکەمدا لەگەڵ یەکێتی و دواتریش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە یەکڕیزی دروست بکەین، بێگومان دەتوانین بەو شێوەیە بەھێزتر لەگەڵ لایەنەکانی عێراق گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکەین.''

دکتۆر ئاراس حسۆ میرخان ووتیشی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان ھەندێک ھەنگاوی ناوە، دانیشتنی لەگەڵ لایەنەکان کردووە و بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و ئێستا بڕیار وایە کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت و بەردەوام بێت تا بگەنە ڕێککەوتن.''

ووتیشی: ''چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا بۆ ڕاوێژکردنە و جارێ ئەنجامەکان ڕانەگەێندراوە و تەنھا بۆ ئەوەیە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنی شیعە و سوننە بکات، بەڵام پارتی و یەکێتی بە یەک پڕۆژەی ھاوبەش دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق.''

میرخان ڕوونیشی کردەوە: ''تا ئێستا لایەنەکان وەڵامی باشیان بۆ داواکاری پارتی ھەبووە بۆ ئەوەی کورد یەکڕیز بێت و ئەنجامەکانیش باش بوون، چونکە لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوەمان کردووە، ڕای ئەوانیش بۆ پڕۆژەکەی ئێمە باش بوو.''


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە