پارێزگاری نوێی هەولێر سوێندی یاسایی بەجێ هێنا
پەیامی کورد ... پارێزگاری نوێی هەولێر سوێندی یاسایی بەجێ هێنا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2021/2/18 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، فەرمانى هەرێمى بۆ دەستبەکاربوونى ئومێد خۆشناو وەک پارێزگارى تازەى هەولێر ئیمزا کرد. ئینجا لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونى ڕێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ، بەڕێز پارێزگارى تازەى هەولێر، لەبەردەم بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا، سوێندى یاسایى خوارد.
لە ووتەیەکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، پیرۆزبایى له پارێزگارى تازه‌ى هه‌ولێر کرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هەروەها ئاماژەى بەوە دا کە ئەرکى پارێزگارى هه‌ولێر قورسه، به‌تایبه‌تى له‌م دۆخه‌دا كه كۆمه‌ڵێك كێشه و قه‌یران ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ته‌وه. جەختیشى لەوە کردەوە کە پارێزگارى هه‌ولێر ده‌بێ پارێزگارى هه‌موو خه‌ڵكى پارێزگاى هه‌ولێر به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه بێت و به یه‌ك چاو سه‌یرى هه‌موو لایه‌نه‌كان بكات.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى هەروەها یادى خوالێخۆشبوو پارێزگارى پێشوو د. فه‌رسه‌ت سۆفى کردەوە کە بە نەخۆشیى کۆڤید_١٩ کۆچى دوایى کرد، پرسە و سەرەخۆشى لە هەموو ئەو خێزانانەش کرد کە بەهۆى ئەو نەخۆشییەوە، ئازیزانیان لە دەست داوە. بەڕێزیان پارێزگارى شەهید خوالێخۆشبوو فرەنسۆ هەریریشى بەبیر هێنایەوە کە ئەمڕۆ ١٨ى شوبات، یادى شەهیدبوونیەتى.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، بەڕێز ئومێد خۆشناوى دڵنیا کردەوە كه هه‌موو هاریكارى و پشتگیرییه‌كى خۆیان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێت و بتوانێت به باشترین شێوه خزمه‌ت به پارێزگاى هه‌ولێر و هاووڵاتیان بكات.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە