پارێزگاری هەولێر : هەر کەس و لایەنێک لە نرخی دیاریکراو زیاتر گاز بفرۆشێت بەهاووڵاتییان ئەوا دووچارى ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە و سزا دەدرێت
پەیامی کورد ... پارێزگاری هەولێر : هەر کەس و لایەنێک لە نرخی دیاریکراو زیاتر گاز بفرۆشێت بەهاووڵاتییان ئەوا دووچارى ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە و سزا دەدرێت
نووسینگەى پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، لەئێستادا گرفتی کەمی گاز چارەسەر کراوە و بڕى پێویستى گازى ماڵان گەیشتوەتە شارەکە، هەروەها نرخى هەر بوتڵێک گازى حکوومى و تایبەت لە 8،500 (هەشت هەزار و پێنج سەد دینار) زیاتر نییە، بۆیە هەرکەسێک لەو نرخە گرانتر گاز بفرۆشێت رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
نووسینگەى پارێزگارى هەولێر لەروونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشکردوە، دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوو بەهۆى کێشەیەکى تەکنیکى بڕێکى کەمى گازى ماڵان دەگەیشتە شارەکە کە نەدەتوانرا پێداویستى تەواوى هاووڵاتییانى سنوورى هەولێر دابین بکات، ئەمەش وایکرد لەلایەن چەند کەسانێکەوە ئەوهەلە بقۆزرێتەوە و نرخى گازى ماڵان تا ڕادەیەک بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێ.
ئەوەش هاتووە، "دڵنیایى بە هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دەدەین لە ئێستادا بڕى پێویستى گازى ماڵان گەیشتوەتە شارەکەمان و نرخى هەر بوتڵێک گازى حکوومى و تایبەت لە 8،500 هەشت هەزار و پێنج سەد دینار زیاتر نییە، هەر کەس و لایەنێک لەو نرخە زیاتر گاز بفرۆشێت بەهاووڵاتییان ئەوا دووچارى ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە و سزا دەدرێت.
ئەمڕۆش ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی کۆمپانیای دابینکردنی گاز بۆ سنوری پارێزگای هەولێر گرێبەستی فرۆشتنی غازی بە وڵاتێکی دراوسێش واژووکردوە، بۆیە کەمبوونەوەی گاز و گرانبوونی نرخەکەی سەری هەڵداوە و لەئیستادا لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە