پارێزگاری هەولێر و شاندێکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە .
پەیامی کورد ... پارێزگاری هەولێر و شاندێکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە .
شاندێکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە و رێککەوتنێکی ١٤ خاڵی لە نێوان هەولێر و ورمێ واژۆ کرا.
بەگوێرەی راگەێندراوێکی پارێزگای هەولێر، دانیشتنی هاوبەشی نێوان پارێزگارەکانى پارێزگاى هەولێر و پارێزگاى ئازەربایجانى رۆژئاواى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ناوەندى پارێزگاى ئازەربایجانى رۆژئاوا لە 2021/12/26 بە سەرۆکایەتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و محەمەد سادق معتمدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى رۆژئاوا ئەنجامدرا، هەردوولا لە دواى دووپاتکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنى لێکتێگەیشتنەکانى رابردوو و بەردەوامى پەرەپێدانى پەیوەندییە دوولایەنەکان، لە دواى گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى بیروڕاى پسپۆرى بەمەبەستى بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان لەسەر ئەم خاڵانەى خوارەوە رێککەوتن:-
1-هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئاسانکارى بۆ فراوانکردنى جووڵە بازرگانییەکان بۆ پێکهێنانى کۆمپانیاى هاوبەشى گواستنەوە کە ڕێکارەکانى لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەش لەفەرمانگە پەیوەندارەکانى هەردوو پارێزگاکە بە زووترین کات دیراسە بکرێت.
هەروەها هەردوولا ڕەزامەند بوون تاکو پێکهێنانى کۆمپانیای هاوبەشى گواستنەوە، بەشێوەى تاقیکردنەوە بۆ ماوەى (٣) مانگ سەرەڕای ئەو ڕێکارانەى کە پێشتر لەهەردوو سنوورى تەمەرچین-حاجى ئۆمەران گیراوەتەبەر، ڕۆژانە (١٠) بارهەڵگرى ئێرانى کە کاڵاکانیان ماوەى بەسەرچوونیان خێرایە ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان، هەروەها (١٠) بارهەڵگرى هەرێمى کوردستان کاڵای هەناردەى هەرێمى کوردستان بەشێوەى ڕاستەوخۆ بگوازێتەوە بۆناو شارەکانى ئێران و لەدواى(٣) مانگ دووبارە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى هەردوولا دیراسە بکرێت.
2- هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕى لە پێناو فراوانکردنى بوارى گەشتیارى و هاوکارییەکانیان لەبوارى میدیایی، کردنەوە پێشانگاى بازرگانى، پسپۆرى، ئاڵۆگۆڕى بوارەکانى ڕۆشنبیرى، کولتورى، گەشتیارى و وەرزشى.
3-هەردوولا هاوڕابوون بە دامەزراندنى ناوچەى پیشەسازی هاوبەش لەناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا لەدواى دیراسەکردنى لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى هەردوو ووڵات.
4-بڕیاردرا کە کۆبوونەوەى هاوبەش لەنێوان بەڕێوبەرایەتى فرۆکەخانەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا ڕێک بخرێت بە مەبەستى کاراکردنەوەى گەشتى ئاسمانى لە نێوان شارەکانى هەولێر و ئورمیە.
5- هەردوولا بەڵێنیاندا بەپێدانى زانیارى پێویست لەسەر ڕێنماییەکانى کوالێتى کۆنتڕۆڵ بەیەکترى.
6- پشت بەستن بە ئەزموونەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەپەرەپێدان لەبوارى پیشەسازى بچووک و مامناوەند، لایەنى ئێرانى ئامادەی خۆیان دەربڕى بەدەستپێکردن و دانانى کارگەکانى پیشەسازى گۆڕینى خۆراک، لەقوتوونان، شەربەتى میوە، بەرهەمە شیرەمەنیەکان لەڕێگاى بەشداریکردنى کەرتى تایبەت بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بەپێى پێداویستیەکانى هەرێم لەم بوارانەوە.
7- بڕیاردرا کۆبوونەوەکانى دوولایەنە بەشێوەى مانگانە لەنێوان بەرپرسانى دەروازەى سنوورى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین ئەنجامبدرێت بەمەبەستى دیراسە و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان، لەپێناو زیادکردن و خێراکردنى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى لەنێوان هەردوو دەروازە.
8- هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنى هاوکارییەکانى هاوبەشى کەرتى تایبەت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕى زانیارى لەبوارەکانى پێداویستیەکان و کەمکردنەوە (تەندەرەکان) و توانا هونەرییەکان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا بەهەردوو زمان ئامادەبکرێت و لەڕێگاى لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاڵگۆڕ بکرێت.
9- هەرێمى کوردستان بەدواداچوون لاى حکوومەتى فیدرالى عێراق بکات سەبارەت بە پێشنیارى لایەنى ئێرانى لەسەر ترانزێتى کاڵا بۆ ووڵاتى سێیەم.
10-هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر گەشتکردنى گەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لەدەروازەکانى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین لەرێگەى کۆمپانیاکانى گەشتیارى هەردوو وڵات بەپێى ڕێکار و ڕێنماییەکانى بەرکارى هەردوو ووڵات.
11-هەردوولا رێککەوتن کاروبارى بازرگانى و گەشتیارى لەدەروازەکانى تەمەرچین - حاجی ئۆمەران بەشێوەى (٢٤) کاتژمێربێت، هەروەها لایەنى ئێرانى پابەند بوونى خۆیان نیشاندا بەپێدانى تابلۆ (پلاک) بەئۆتۆمبێلەکانى گەشتیارى هەرێمى کوردستان لەناو دەروازەى تەمەر چیندا.
12- هەردوولا رێککەوتن هەموو ئەو کاڵایانەى کە بەشێوەى ترانزێت لە ئێرانەوە لەدەروازەکانى ترى هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێت، بەهەمانشێوە لەدەروازەى حاجى ئۆمەرانیشەوە ڕێگایان پێبدرێت هاوردەبکرێت.
13-هەردوولا ڕێککەوتن پشتڕاست کردنەوەی (تصدیق) گرێبەستەکانى نێوان کۆمپانیاکانى گواستنەوەى گەشتیارى هەردوو ووڵات، لەلایەن هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئەنجام بدرێت.
14-ئەم یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنە بەدوو زمانى کوردى و فارسى کە لە(چواردە) خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن هەردوو پارێزگارەوە واژوو کرا.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە