پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق دەکات
پەیامی کورد ... پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق دەکات
سهرلهبهیانی ئەمڕۆ دووشەمە 2021.3.29، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە هانسی ئیسکۆبار باڵیۆزی ئیسپانیا لەعێراق و شانێکی یاوەری کرد.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکە، باڵیۆزی ئیسپانیا لەعێراق، تەئکیدی لەسەر پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان نێوان هەردوولا کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی شاری هەولێر کرد لەڕووی ئابووری و بازرگانیدا و تیشکی خستە سەر کردنەوەی سەنتەری بازرگانی ئیسپانی لەپایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگی و لەیەکتر نزیک بوونەوەی کەرتی تایبەت.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای ئەوەی جەختی لە بەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە، ڕایگەیاند: خۆشحاڵین بەکردنەوەی ئەو سەنتەرە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان لەگەڵ ووڵاتی ئیسپانیا، دڵنییاتان دەکەینەوە کە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کەشێکی ئارام و لەبار هەیە بۆ کارکردن، هەربۆیە دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو ئەو کۆمپانیا و وەبەرهەمهێنرانەی وڵاتی ئیسپانیا کرایەوە کە دەیانەوێت بێنە هەولێر و وەبەرهێنان بکەن، وەک پارێزگای هەولێریش لەچوارچێوەی یاسای وەبەرهێنان هەموو ئاسانکارییەکیان پیشکەش دەکەین، دەخوازین بازرگان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی ووڵاتی ئیسپانیا ڕۆڵیان هەبێت لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی زیاتری شاری هەولێر.
ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە