پاشماوەی زبڵەکانی شاری سنە دەڕژێتەوە بەندئاوێکی سەرەکی ئەو شارە

پەیامی کورد      ...    پاشماوەی زبڵەکانی شاری سنە دەڕژێتەوە بەندئاوێکی سەرەکی ئەو شارە

“ئێقباڵ حەمیدی” جێگری هێزی مرۆیی ژینگەی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: پاشماوەی جێی زبڵی شاری سنە دەڕێژێتەوە بەندئاوی قشڵاق و هەر ئەوەش دەبێتە هۆکاری پیس‌بوونی سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوینییەکان.

نەبوونی شوێنێک بۆ جیاکردنەوەی زبڵی تەڕووشک و گەڕان بەنێو زبڵ لەلایەن کەسانی هەژارەوە، بووە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زبڵەکان و هەروەها پەرەسەندنی نەخۆشیە پێستی و جەستەییەکان و تێکدانی سیمای شار.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات: شوێنی ڕاگرتنی جێی زبڵ دەبێ ٢٩ تایبەتمەندی ببێ کە زۆربەی ئەم تایبەتمەندییانە لە جێی زبڵەکانی پارێزگای سنەدا ڕەچاو ناکرێت، وەکوو ئەوەی کە نابێ لە شوێنی نزیک بە شار، شوێنێک کە بای زۆر دەیگرێ، نزیک بە سەرچاوەی ئاوی خواردەمەنی گشتی و نزیک بە بەنداوەکان بێ، کەچی شوێنی ڕاگرتنی زبڵی شاری سنە چەسپاوە بە بەندئاوی قشڵاق و پاشماوە و پیسی زبڵی ئەو شارە دەڕژێتە نێو ئاوی خواردنەوەی خەڵکەوە و دەتوانێ لە درێژخایەن‌دا ببێ بە هۆکاری زۆر نەخۆشی پێستی و جەستەییەوە.

ناکارامەیی شارەوانی شاری سنە و پشت‌گوێ خستنی ئەم بابەتە لەلایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە، بووە بە هۆکاری کۆبوونەوەی زبڵ و دیاردەی ناشیرینی گەڕان بەنێو زبڵ لەلایەن کەسانی هەژار و هەروەها بوون بە شوێنی ئاژەڵانی وەک سەگ و مشک کە هەر کام دەتوانن ببن بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی دەیان جۆرە نەخۆشی لەنێو خەڵکدا.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە