پاشەڕۆژی ئەردۆغان ؟
پەیامی کورد ... پاشەڕۆژی ئەردۆغان ؟
دوای بومەلەرزەیەکی وێرانکەر لەساڵی ١٩٩٩ بوڵەند ئەجەوید سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی تورکیا دەسەڵاتی لەدەست دا پاش ئەوەی کەمتەرخەمی کرد لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان.
ئەو کەمتەرخەمییە وایکرد رەجەب تەیب ئەردۆغان دەسەڵات لە تورکیا بگرێتە دەست، بۆیە هەوڵ دەدات شکستەکەی ئەجەوید دووبارە نەکاتەوە و خۆی لە پێشەوەی هەوڵەکانی فریاگوزاری پیشان بدات ئەویش بە راگەیاندنی یاسای باری لەناکاو.
ئەمە چوارەم جارە یاسای باری لەناکاو لە تورکیا رادەگەیندرێت، دوو جاریان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێستای رەجەب تەیب ئەردۆغاندا بووە.
ساڵی ٢٠١٦ دوای کودەتا شکست خواردووەکە یاسای باری لەناکاو سەپێندرا و بۆ ماوەی ٧ جار درێژ کرایەوە بە درێژایی دوو ساڵی تەواو.
لەماوەی حوکمی باری لەناکاودا ئەردۆغان دوور لەدەسەڵاتی پەرلەمان و دادگاکان پیادەی دەسەڵاتەکانی خۆی کرد و لەو ماوەیەدا ٣٦ مەرسوومی بەپێی یاسای لەناکاو دەرکرد.
بەم هۆیەوە ئەردۆغان ١٣٦ هەزار کەسی لە کارەکانیان دوور خستەوە و بە هەمان ژمارەش خەڵکی دیکەی بەتۆمەتی کودەتاکە دەستگیر کرد و رەوانەی دادگاکانی کردن، جگە لەوان چەندین دادوەر و مامۆستا و پارێزەر و رۆژنامەنووسی دەستگیر کرد و چەندین پێگە و ماڵپەڕی لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت سڕییەوە و رێگری لێکردن جارێکی دیکە پەخش بکەنەوە.
بەهۆی ئەم مێژوو و ئەزموونە خراپەوە زۆرێک لە داکۆکی کارانی مافی مرۆڤ لە تورکیا دەترسن لە سەپاندنی یاسای باری لەناکاو لە ووڵاتەکەیان، بۆ جارێکی دیکە، چوونکە یەک رۆژ دوای سەپاندنی یاساکە، دوو رۆژنامەنووس لەلایەن داواکاری گشتییەوە بانگهێشت کران لەبەرئەوەی رەخنەیان لە شێوازی پێشکەش کردنی هاوکاری هەبوو لەلایەن حکوومەتەوە.
ئەم باری لەناکاوە ١٠ پارێزگای تورکیا دەگرێتەوە و تاوەکوو رۆژی ١٤ی ئایاری داهاتوو بەردەوام دەبێت کە بڕیارە دوای ئەو وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەبچێت،
بە گوێرەی ئەم یاسایەی باری لەناکاو ئەردۆغان دەتوانێت دەسەڵاتەکانی بەشێوەیەک فراوان بکات کە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکوومەتە خۆجێییەکانیش تێبپەڕێنێت، کە زۆرینەی ئەو ئیدارانە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەڕێوەی دەبەن.
لەم نێوەندەدا کەمال رەئوف، نوسەر و روناکبیر دەڵێت "بوومەلەرزەكەی توركیا كە 10 پارێزگای گرتۆتەوە لە %15 دانیشتوان پێك دەهێنێت، لە %24 ی پیشەسازی و كشتوكاڵی ئەو ووڵاتەشە، لە %6 هەناردە كردنی بازرگانی و %8 هێنانیش پەك دەخات كە ئەمە كاریگەری راستەوخۆ لەسەر ئابووری توركیا درووست دەكات".
ئاماژەی بەوەش کردووە "هەندێك لەچاودێران لایان وایە ئەگەر هەیە لێكەوتەكانی ئەم بومەلەرزەیە بۆماوەیەكی درێژ كاریگەری بمێنێتەوەو لەنزیك ماوەشدا ببێتە هۆی دواخستنی وادەی هەڵبژاردن كە بریار بوو مانگی شەش لەمساڵدا ئەنجام بدرێت، هەروەها لێكەوتەكانی بوومەلەرزەكەو نارەزایەتی شارە كارەساتبارەكان دەبێتە هۆكارێكی گەورە بەدەست ئۆپۆزیسۆنەوە لەدژی دەسەڵات بەكاری بهێنن، لەلایەكی تریشەوە لە رووی ئابوورییەوە مەزەندە دەكرێت 30 ملیاردۆلاریش لەموازەنە كورتهێنان درووست بكات".
بە وتەی کەمال رەئوف، پێش بینیش دەكرێت لە رووی سیاسی شەوە حكوومەتی ئەردۆغان ناچار بكات لەگەڵ سووریا رێككەوتن بكات تا بتوانێت پەناهەندە سوورییەكان بگەرێنێتەوە ناوچەكانی خۆیان، چوونكە زۆربەی ئاوارە سوورییەكان لەم ناوچانە نیشتەجێ بوون كە بوومەلەرزەكە بە تووندی گرتۆتیەوە..
ئەم بابەتە 11983 جار خوێندراوەتەوە