پاڤێڵ تاڵەبانی : دەمانەوێت لە ناوچە دابڕێندراوەکان وەک کورد بە یەکدەنگی و یەک ھەڵوێستی بەشداری بکەین و یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین
پەیامی کورد ... پاڤێڵ تاڵەبانی : دەمانەوێت لە ناوچە دابڕێندراوەکان وەک کورد بە یەکدەنگی و یەک ھەڵوێستی بەشداری بکەین و یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین
ھاوسەرۆکی یەکیتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند : جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزی لە ھەرێمی کوردستان فاکتەری بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکە و یەکیتی بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان دیالۆگی نیشتمانی بە پێویست دەزانێت.
پاڤێڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکیتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە دەباشان لەگەڵ ئاشلى دوریک، لێپرسراوی نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند، جەخت لە فراوانکردنی ھاریکاری و ھاوکارییەکانی کەنەدا دەکەنەوە بەتایبەت لە خستنەگەڕی زیاتری ھەوڵەکانیان بۆ مەشقپێکردنی ھێزی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان لەچوارچێوەی پشتیوانییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێتی بۆنیادنانی دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان ھێزەکانی ھەرێم و عێراق بە پێویست دەزانێت و داوا دەکەن نوێنەری ووڵاتان پشتگیری ئەم ھەوڵانە بکەن و ھاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. هەروەها ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزی لە ھەرێم بە فاکتەری بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک دەبینن.
سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقیش پاڤێڵ تاڵەبانی باسی لەوەکردوە، یەکێتی پشتیوانی لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا دەکات و " دەمانەوێت لە ناوچە دابڕێندراوەکان وەک کورد بە یەکدەنگی و یەک ھەڵوێستی بەشداری بکەین و یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین".
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە