پاڤێڵ تاڵەبانی هاسەرۆکی یەکیتی ، داواکارییەک ئاڕاستەی کونسوڵی گشتی کۆریا لە هەرێم دەکات

پەیامی کورد     ...    پاڤێڵ تاڵەبانی هاسەرۆکی یەکیتی ، داواکارییەک ئاڕاستەی کونسوڵی گشتی کۆریا لە هەرێم دەکات

پاڤێڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکیتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە چۆی کوانژین، کونسووڵی گشتی کۆریا لە ھەرێمی کوردستان و داوای لێکرد، ھانی سەرمایەدار و خاوەنکارەکانیان بدەن بۆ ئەوەی دەستی سەرمایەگوزاری زیاتر لە ھەرێم بخەنەگەڕ و بەشداری زیاتریان هەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی ھەرێم.

پاڤێڵ تاڵەبانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیدارێکدا کە سۆران جەمال تاھیر، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبو پێشوازی لە  چۆی کوانژین، کونسووڵی گشتی کۆریا لە ھەرێمی کوردستان کرد و گفتوگۆکرا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ھاریکاری زیاتری نێوان ھەردوولا بەتایبەت لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی و کلتوری و جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش کرایەوە لە سەرجەم بوارەکاندا.  

لە دیدارەکەدا پاڤێڵ تاڵەبانی دوایین پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکانی روونکردەوە و ھەڵوێستی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان خستەڕوو و رایگەیاند، "دەستوور بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایە و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە خستوەتەگەڕ". 

دەربارەی پەیوەندی بازرگانی و پتەوکردنی زیاتری ژێرخانی ئابووری ھەرێم، ھاوسەرۆک داوای لە کونسووڵ کرد ھانی سەرمایەدار و خاوەنکارەکانیان بدەن بۆ ئەوەی دەستی سەرمایەگوزاری زیاتر لە ھەرێم بخەنەگەڕ و بەشداری زیاتریان هەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی ھەرێم و لەو ڕوەشەوە ھەموو ھاوکاری و پشتیوانییەکی بۆ سەرخستنی ئەم ھەنگاوە دەربڕی.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە