پاڤێڵ تاڵەبانی ١١ داواكاری خوێندكاران جێبەجێ‌ دەكات

پەیامی کورد      ...  پاڤێڵ تاڵەبانی ١١ داواكاری خوێندكاران جێبەجێ‌ دەكات-

دوابەدوای كۆبوونەوەی سەرۆكی یەكیتی لەگەڵ خوێندكارانی ناڕازی و خۆپیشاندەران، مەكتەبی دارایی ئەو حزبە ئاشكرای دەكات، كە ١١ داواكاری خوێندكاران دەخرێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

مەكتەبی دارایی یەكیتی نیشتمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر ڕاسپاردەی پاڤێڵ جەلال تاڵەبانی، هەلدەستێت بە دابینكردنی ئەو پێداویستیە ماددیانەی، كە لە داواكاری خوێندكارانی ناڕازیدا پێشكەش كراوە.

مەكتەبی دارایی یەكێتی ئاشكراشی كردووە، كە ١١ داواكاری خوێندكاران دەخەنە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

ئەو داواكارییانەی، كە لە قۆناغی یەكەمدا دەكەونە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە ئەمانەن:
١- سیانەكردن و نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی سەرجەم پێداویستیەكانی هەردوو زانكۆی سلێمانی و پۆلیتەكنیك، لەوانە دابینكردنی كەلوپەلی ناو ژوورەكان وەكو لۆكەر، فەرش و دابینكردنی هێڵی ئینتەرنێت و ڕووناكی بۆ بەشە ناوخۆییەكان .
٢ -دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشە ناوخۆییەكان و چارەسەركردنی سەرجەم ئەو بەربەستانەی ڕێگرن.
٣- چاككردنەوەی سیستەمی گەرمكەرەوە و ساردكەرەوەی بەشە ناوخۆییەكان و هۆڵەكانی خوێندن.
٤ -دابینكردنی پاس بۆ خوێندكارانی دەرەوەی شار بۆ هاتووچۆكردنی نێوان شارەكان بێ بەرامبەر .
٥ -دابینكردنی ٣ بنكەی تەندرووستی بۆ بەشە ناوخۆییەكانی (كەمپی نوێی كچان، كەمپی ناوشار، كەمپی كۆلێژە كشتوكاڵیەكان ).
٦ -چارەسەركردنی ئەو خوێندكارانەی، كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەی شۆڕش .
٧ -دابینكردنی داشكاندن و ئاسانكاری لە كڕیندا بۆ خوێندكاران لە كۆگاكاندا .
٨ -دابینكردنی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی زیاتر بۆ بەشە ناوخۆییەكان.
٩ -بە كرێ گرتنی بینا بۆ خوێندكارانی داخلی لە ناو شاردا .
١٠ -ئامادەكردنی كتێبخانەیەكی نوێ لە كەمپی ناوشاردا .
١١ -دروستكردنی سیاجێك بە دەوری بەشە ناوخۆییەكانی كۆلێژی كشتوكاڵ و چارەسەركردنی كەم و كورتیەكانی دیكەی .


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە