پاڤێڵ تاڵەبانی   :  یەکیتی دەیەوێت چارەسەری کێشە و گرفتەکان لە بەغداوە بکرێن

پەیامی کورد     ...    پاڤێڵ تاڵەبانی   :  یەکیتی دەیەوێت چارەسەری کێشە و گرفتەکان لە بەغداوە بکرێن

پاڤێڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەمیانی چاوپێکەوتنی وەفدێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، یەکێتی دەیەوێت لەبەغداوە گرفتەکان چارەسەربکرێن.

پاڤێڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری ھەولێر چاویکەت بە وەفدێکی باڵای ئەمریکا کە پێکھاتبون لە دەیڤد شینکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژ‌هەڵاتی نزیک و دەیڤد کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.

لەدیدارێکدا لەبەرتیشکی ھەستیاری دۆخەکە و کێشە و ململانێیە سیاسی و ئابووری گۆڕانکارییەکان پاڤێڵ تاڵەبانی خوێندنەوەی بۆ پێشھاتەکان کرد و سیاسەتی نیشتمانی و کوردستانی یەکێتی بۆ قۆناغەکە ئاشکراکرد و تەئکیدی لە ڕێککەوتنی نوێکردەوە لەگەڵ ناوەند و ئاشکرایکرد یەکێتی دەیەوێت لەبەغداوە گرفتەکان چارەسەربکرێن و بەھاوکاری دۆستەکانمان لە عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەھێڵین چیتر پرسی بوودجە و قوتی کۆمەڵانی خەڵک بە سیاسی بکرێت.

ھاوسەرۆکی یەکێتی داوای لە ئەمریکا کرد ھاوکار و پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەولێر و بەغدا و داواشیکرد لەبەرامبەر گرفتەکاندا مافە دەستووری و یاساییەکانی ھەرێم لەبەرچاوبگیرێت و خواستی یەکێتی دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا. 

بەگوێرەی ڕاگەێندراوەکە،" سەبارەت بەدۆخی ئەمنی و مەترسی پاشماوەکانی داعش بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی بەرچاوڕونکرد لە جمووجۆڵەکانی تیرۆریستان و پلانی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەیانی ئاشکراکرد و ھەماھەنگی زیاتری نێوان ھێزی پێشمەرگە و ئەمریکا و ھاوپەیمانانی بە گرینگ وەسفکرد لەپێناو ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە و داواشیکرد بەردەوام بن لەھاوکارییەکانیان بۆ ھێزی پێشمەرگە بەتایبەت لەڕووی پڕچەکردن و ڕاوێژپێکردن و بەردەوامی خولە سەربازییەکان."

لەکۆتایشدا ھاوسەرۆک سوپاس و پێزانینی گەیاندە دەیڤد شینکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژ‌هەڵات کە لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام و بۆنیادنانەوەی عێراق ڕۆڵی گرینگی بینی و ھەمیشەش پشتیوان و ھاوکاری گەلی کوردبوە و داکۆکیکاربو بۆ بەدیھێنانی مافەکانی کورد.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە