"پاڵاوگە نەوتییە داخراوەکان جارێکی دیکە دەکرێنەوە
پەیامی کورد ... "پاڵاوگە نەوتییە داخراوەکان جارێکی دیکە دەکرێنەوە"
بەڕێوبەری ژینگەی ھەولێر ووتی، لە ھەولێر ١٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی ھەن و ٣٥ پاڵاوگەیان لەوانە داخستبوون، بەڵام جارێکی دیکە دەستیان بەکار کردووەتەوە و ڕێکاری یاسایییان بەرامبەر دەگرنە بەر و پێویستە سەرجەمیان دابخرێن، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەیەکیان داناوە.
فەلاح مەولوود، بەڕێوبەری ژینگەی ھەولێر، ڕایگەیاند : ''لە سنووری ھەولێر نزیکەی ١٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی ھەیە و ئێمەش ٣٥ پاڵاوگەمان لەوانە داخستووە و قوفڵمان لێ داون، بەڵام خاوەنەکانیان ڕۆیشتوون و قوفڵەکانیان شکاندووە و دەستیان بەکار کردووە و پێویستە لە ڕووی یاسایییەوە ڕێکاریان بۆ بگیرێتە بەر.''
بەڕێوبەری ژینگەی ھەولێر ووتیشی: ''بەرنامەمان داناوە کە ئەم جارە بە تیمێکی بەھێزتر و لایەنی دیکەی وەکوو سامانە سرووشتییەکانیش لەگەڵمان بەشدار بن بۆ ئەوەی سەرجەمیان دابخەین، چوونکە مووڵەتیان نییە و نایاسایین، بۆیە پێویستە سەرجەمیان دابخرێن و فەرمانی داخستنیشیان دەرچووە.''
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە