پرسی مافی دەستووری سووریا بەرەو کوی دەڕوات  ؟؟؟

پەیامی کورد     ...   پرسی مافی دەستووری سووریا بەرەو کوی دەڕوات  ؟؟؟

دوای تەواوبوونی گەڕی پێنجەمی گفتوگۆکانی نووسینەوەی دەستووری سووریا، پشکداربووە کوردەکان دەدوێن و دەشڵێن، پێداگرن لەسەر چەسپاندنی مافەکانی کورد لە نووسینەوەی دەستووری سووریادا.

لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سووریا لە ئاداری ساڵی ٢٠١١ـوە ئەو ووڵاتە بووەتە شوێنی بەهێزکردنی نفووزی ووڵاتان و کێشەی سەرەکی ووڵاتەکە نەبوونی چارسەرییەکی سیاسییە.

کامەران حاجۆ, ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا کە بەشدارە لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریادا، دەڵێت، ئەم جارەش ڕژێمی ئەسەد خۆی لە خاڵە سەرەکییەکانی دەستوور دزییەوە.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ووتی: "ڕژێمی سووریا دەیەویست عرووبەتی بەسەر تەواوی گەلی کورددا بسەپێنێت، ئەمە تا بڵێی جێگای قبووڵکردن نییە، ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانی تا مردن پشتیوانی و پشتگیری لە گەلی کورد و مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکەین."

ئاماژەیشی دا: "ئەوەی ڕژێم دەیڵێت بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و تا ماوین بە دڵ و گیان لەگەڵ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردین لە دەستووردا."

هەرچەندە گەڕی پێنجەمیش تەواو بوو، کەچی هیچ شتێک بە کردار و بڕیار لە ئەنجامی ئەم گەڕەدا نەبینرا.

زیاتر لە ساڵێکە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا پێک هاتووە و کۆبوونەوەکانی لەژێر چاودێری نوێنەری یوو ئێن بۆ کاروباری سووریا بەڕێوە دەچێت.

حەواس عەگید کە خۆی ئەندامی تیمی پیکهاتەکانی سووریای داهاتوو بووە لە گەڕی پێنجەمی ژنێڤ، دەڵێت: ''گفتوگۆ لەسەر خاڵە بنچینەییەکان کرا، بەڵام نەگەیشتینە ڕێککەوتن، چونکە ناتوانین بڵێین بەرەوپێشچوونێک پەیدا بووە، ئەمە پرۆسەیەکی دوورودرێژە."

حەواس عەگید دەڵێت: "بۆ ئێمەی کورد پشکداریکردن باشە، چوونکە هەمیشە لە سووریادا هیچ شتێک بە ناوی کورد نەبووە، ئێستاش دەمانەوێت داوای مافەکانی خۆمان بکەین لەو دەستوورە و ئایندەی سووریادا."

ئەم جارە کورد چوار پێشنیازی کرد و گفتوگۆش لەسەر هەرچوار پێشنیازەکە کرا کە ناوی سووریا، کۆماری سووریا بێت، زمانی کوردی ددانی پێدا بنرێت و، وەک هەموو گەلانی سووریا بچەسپێت و، سووریا ووڵاتێکی فرەنەتەوەیی بێت.

عەگید دەڵێت، بۆ کاروباری پیکهاتەکان ئەوان شەش خاڵیان ڕادەستی یوئێن کرد بۆ ئەوەی لە دەستووردا جێگر بکرێن.

خاڵی ناکۆکی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ڕژێم ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت دەستکاریی شێوازی دانانی سەرۆک و دەستوور بکرێت و شێوازی پەرلەمانی بچەسپێت، کەچی ڕژیمی سووریا لە گفتوگۆکاندا دەیەوێت سەروەریی ووڵات لە گرووپەکان پارێزراو بێت و دەیەوێت بابەتی سەروەری ووڵات گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ڕژیم بەوە تۆمەتبار دەکات کە خۆی هۆکاری دەستوەردانی ووڵاتان لە کاروباری سووریادا بووە، بەڵام ڕژێمی سووریاش ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکات کە ئەو ئۆپۆزسیۆنە هی سووریا نییە و هەموویان خەڵکانی دەرەوەی سووریا پشتیوانییان لێ دەکەن و ئەمەش پێشێلکارییە بەرانبەر سەروەری ووڵات.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە