پسپۆرێکی ئابووری : تا دوو ساڵی دیکە ھەموو فەرمانبەران دەبنە خاوەن ھەژماری بانکی
پەیامی کورد ... پسپۆرێکی ئابووری : تا دوو ساڵی دیکە ھەموو فەرمانبەران دەبنە خاوەن ھەژماری بانکی
دوای راگەیاندنی پڕۆژەی ھەژماری من بڕیارە ژمارەی بانکی بۆ ھەموو فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە و پسپۆرێکی ئابووریش پێی وایە، ھەژماری من چەندین لایەنی ئەرێنی ھەیە لەڕووی زانستی و ئابوورییەوە.
د. کاوە عەبدۆلعەزیز، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ئابووری ، رایگەیاند : "پڕۆژەی ھەژماری من لە ڕووی زانستی و ئابوورییەوە چەندین لایەنی ئەرێنی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەیە و رێکارێکی درووستە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی ئەلیکترۆنی، ھاوکات دوای کردنەوەی ھەژماری من بابەتی دواکەوتن و ڕاگرتن و شێوازی کلاسیکی دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت، ھەروەھا پڕۆژەکە لە شوباتی ئەمساڵ بەشێوەی تێست راگەێندرا لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".
ئەو پسپۆرە ئابووری ووتیشی: "لە ئێستادا حکوومەت کار دەکات لەماوەی دووساڵ دا ھەژماری من بۆ زیاتر لە یەک میلیۆن و ٢٠٠ ھەزار فەرمانبەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بەکردنەوەی ژمارەی بانکی کار ئاسانی زۆر دەکرێت بۆ فەرمانبەران و ژمارەیەکی بەرچاوی ئامێری ئەلیکترۆنی لە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان دانراون بۆ ئەوەی خەڵکێک لە ھەر کاتێکدا ویستی راکێشانی مووچەکەی ھەبێت بتوانێت سوودمەند بێت".
د. کاوە عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "سیستەمی ئێستای دابەش کردنی مووچە سیستەمێکی کلاسیک و دواکەوتووە و لە جیھانی پێشکەوتوو کار بە سیستەمی نوێ دەکرێت، لەبەر ئەوەش کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران ھاوشانە لەگەڵ پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ووڵاتانی پێشکەوتووی جیھان، بۆیە بڕیارە ژمارەیەک ئامێر لە بازاڕ و شوێنە بازرگانیەکان جێگیربکرێن بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن لە رێگەی کارتەوە کار بە پارە بکات و بەگوێرەی پێویست پارەکەی بەکاربێنێ، ھەروەھا بەکارھێنانی پارە بەشێوەی کار کاریگەری لەسەر دزین و لەناوچوونی پارە دەکات".
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە