پسپۆڕێكی یاسای نێودەوڵەتی : داھاتوویەکی پڕشنگدار چاوەڕێی ھەرێمی کوردستان دەکات
پەیامی کورد ... پسپۆڕێكی یاسای نێودەوڵەتی : داھاتوویەکی پڕشنگدار چاوەڕێی ھەرێمی کوردستان دەکات
پسپۆڕێکی یاسای نێودەوڵەتی پێی وایە کە شێوازی پێشوازی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا ئیعترافێکی زمنیە بە ھەرێمی کوردستان کە ھاوشێوەی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئەمە داھاتوویەکی پڕشنگدار بۆ ھەرێمی کوردستان دیار دەخات.
دکتۆر شاری نانەکەلی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، سەبارەت بە بەشداری و بانگھێشتکردنی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا ووتی: کۆنگرەی میوونشن، یەکێکە لەو کۆنگرە گرینگ و ھەستیارانەی کە ساڵانە لە ووڵاتی ئاڵمانیا دەبەسترێت بە بەشداری زۆرینەی ووڵاتە زلھێزەکان و سەرکردەکانی جیھان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ئاسایشی جیھان و بەھێزکردنی ھەماھەنگی لە نێوان ووڵاتان بۆ دیاریکردنی چارەسەری دیبلۆماسی ئەو پێشھاتانەی دێنە پێشەوە لەسەر ئاستی جیھان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
نانەکەلی دەڵێ: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وەک سەرکردەیەکی جیھانی بەشدارە لەم کۆنگرەیە، ھەرچەندە کە ھەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام وەک کیانێکی نا دەوڵەتی کاریگەری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەگشتی و پێشنیازکردنی ڕێگە چارەسەری ئاشتیانە لەنێوان ھێزە سیاسیەکانی سووریا و تورکیا و عێراق بەتایبەتی ڕۆڵێکی بەھاداری ھەبووە. ھەر بۆیە ئەو پێشوازیە دیبلۆماسیەو ئەم ھەڵسوکەوتەی ووڵاتان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کرا، دانپێدانانێکی زمنیە کە ھەرێم هەژماری دەوڵەتی بۆ دەکرێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
سەبارەت بە بەشداری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم مەسروور بارزانی لە کۆنگرەی لووتکەی حکوومەتەکان لە ئیمارات، شارا نانەکەلی ووتی: جێگای ئاماژەپێکردنە بەشداری مەسروور بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەکۆی جیھانی حکوومەتەکان کە ساڵانە لەلایەن ووڵاتی ئیماراتی عەرەبی دەبەسترێت، بە بەشداری سەرۆکی حکوومەتی دەوڵەتان و سەرکردە جیھانییەکان بە مەبەستی گەنگەشەکردنی پرسە جیھانیەکانی تایبەت بە پتەوکردنی ھەماھەنگی سیاسی و دیبلۆماسی داھاتووی حکوومەتەکان لە گشت ئاستە جیاوازەکاندا خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم وەک سەرۆکی حکوومەتی دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵ کراوە نەوەک وەک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی ناو دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ، بەڵگەش ئەوەیە کە بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دیبلۆماسی و عورفی نێودەوڵەتی و دانیشتن و کۆبوونەوەکانی بەڕێزیان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتەکان و سەرکردەکانی ووڵاتانی جیھان لە ئاستی سەرۆکی حکوومەت بووە.
ناوبراو ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگر باس دەکات و دەڵێت: ھەڵسوکەوتکردنی نێودەوڵەتی لەگەڵ ھەرێم بەم شێوەیە، ئاسۆی دوا ڕۆژێکی پڕشنگدار دەبەخشێت بە پێگەی ھەرێم لە داھاتوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریزمایی و سیاسەتی جەنابی سەرۆک بارزانی.
ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە