پشتیوان سادق : دوور لە یاسا و دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت
پەیامی کورد ... پشتیوان سادق : دوور لە یاسا و دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت
لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ کادیرانی پێشکەوتووی پارتی لە شاری ھەولێر کۆبووەوە.
دووشەممە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقەکان و ھەڤاڵان ئومێد خۆشناو و ھەڵگورد شێخ نەجیب و چیا ھەرکی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ئەندامانی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر و ھەڤاڵان و کادیرانی پێشکەوتووی سنووری لقەکانی پارێزگای ھەولێر،کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە سەرەتایی کۆبونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق باسی لە دوایین پێشھاتە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق کردوو، ڕایگەیاند بە پلان و بەرنامە و لە ڕێگای دادگای فیدڕاڵی، بارودۆخێکی سەختیان بۆ ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی کوردستان دروستکردووە، بۆیە لەسەر ھەموومان پێویستە دژی ئەم ستەم و زوڵم و سیاسەتی برسیکردنە ڕابوەستین.
لە تەوەرێکی تری قسەکاندا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، ئاماژەی بەوەکرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ئەرک و کارەکانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوان دوور لە یاسا و دەستوور مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش جێگای قبوڵکردن نییە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق ڕایگەیاند، گەلی کورد بە سەرکردایەتی و رێبەرایەتی جەنابی (سەرۆک بارزانی)، نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستاو نە لە داھاتووش، ھیچ ھێز و بڕیارێکی سەپێندراوی دژ بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان قبوڵ نەکردووە و قبووڵ ناکات.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، لە بەشێکی تری ووتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە رووی پەیوەندی دیبلۆماسی و سیاسی و پرسە نێودەوڵەتییەکان، بەرەوپێش دەچێت و داھاتووی کوردستان زۆر گەش و ڕووناکە.
ئەم بابەتە 10246 جار خوێندراوەتەوە