پشتێنەیەكی پاراستن و ئەمنی لە دەورووبەری ھەولێر درووست دەكرێت

پەیامی کورد     ...   پشتێنەیەكی پاراستن و ئەمنی لە دەورووبەری ھەولێر درووست دەكرێت

بەڕێوبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان ووتی، چارەسەری سەرجەم ئەو كێشانە دەكرێت كە لە ئاوەڕۆكانی ھەولێر ھەن، بە تایبەت لەو شوێنانەی لافاوی لێ درووست بووە، بۆیە پشتێنەیەكی پاراستنیش لە دەورووبەری ھەولێر درووست دەكرێت، بۆ ئەوەی چیتر لافاو لە ھەولێر دروست نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی مەیدانی پێك هێنراوە.

ئاری ئەحمەد، رایگەیاند، لیژنەیەكی مەیدانی درووست كراوە لە پارێزگا و بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆكانی ھەرێم و لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆكانی ھەولێر و بەڕێوبەرایەتی ئاودێری ھەولێر، تا چارەسەری كێشەی ئاوەڕۆی ئەو شوێنانە بكرێت كە لافاوی لێ ھەڵساوە و ئەو كەندانەی لەوێ ھەن، خاوێن بكرێنەوە و رێڕەوەكانیش ئەگەر تێك چوون، چاك بكرێنەوە، لەگەڵ درووستكردنی پشتێنەیەكی پاراستنی ھەولێر بۆ رێگریكردن لە لافاو، كە ئەو بارانەی دەبارێت و ئاوەكەی بەرەو ھەولێر دێت، رێگری لێ بكرێت، وەكوو كەندی كۆرنیشی ھەولێر كە لە ساڵی ١٩٧٠دروست كراوە، ھاوشێوەی ئەوە درووست بكرێت، ئینجا لە دەرەوەی شەقامی ١٥٠مەتری بێت یان لە پشتێنەی سەوزی ھەولێر.

ئەحمەد ووتیشی، جگە لەوەش دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ ئەو شوێنانەی كە ئاوەڕۆكانیان كەم و كوڕییان ھەیە لە وەرگرتنی ئەو ئاوەی بە كەندەكاندا دێت و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی ھەولێر.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئێستا دیراسەی پرسەكە دەكرێت و دواتر بە دەرخستەیەك ئاراستەی پارێزگای ھەولێر دەكرێت، بۆ ئەوەی بیدەن بە ئەنجوومەنی وەزیران و رەزامەندی لەسەر بدرێت و چیتر لافاوی لەو شێوەیە لە ھەولێر دووبارە نەبێتەوە.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە