پلانی نیشتیمانی بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ ڕاگەێندرا

پەیامی کورد      ...   پلانی نیشتیمانی بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ راگەێندرا

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان سەرۆكی دادگای فیدراڵیی عێراق و ڕێكخەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پلانی نیشتیمانی بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕاگەیەندرا.

لە سەرەتای كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، سالار عەبدوستار، سەرۆكی دادگای فیدراڵی لە حكوومەتی عێراق رایگەیاند: "پلانی نیشتیمانیی مافەكانی مرۆڤ، هەوڵ و كۆششی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە، كە پلانێكی تۆكمە و شایستەیە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو مافەنەی كە لە دەستووری عێراق وەك مافی هاووڵاتیبوون خراوەتە ڕوو، وەك خۆی جێبە جێ بكرێت، ڕاگەیاندنی پلانێكی لەم شێوەیەش بەرمەبنای ئەو توندوتیژی و پێشلێكاریانەیە بوو، كە لە خۆپیشاندانەكانی عێراق دژ بە هاووڵاتیان كرا، پلانەكەش زیاتر لەلایەن كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و هەموو بەش و هۆبەكانی وەزارەتەكان جەختی لێ كراوەتەوە و ئامادە كراوە".

لەبەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، دیندار زێباری، ڕێكخەری گشتیی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی خستە ڕوو، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە پلانی نیشتیمانی بۆ بەهێزكردنی مافەكانی مرۆڤ و پاراستنی پلانەكە لە ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی وەزارەت و لایەنە مەعنییەكانی خۆیەوە لەسەر بنەمای پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان، هەماهەنگیكارێكی سەرەكی بووە لەگەڵ وەزارەتی داد، پلانەكەش بۆ ئێمە گرنگە، چونكە وەڵامی هەرچی ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی هەیە و هەرچی ئەو تێبنییە نێودەوڵەتییانەی هەبووە لە ماوەی ڕابردوودا دەداتەوە، لەگەڵ ئەو پلانە گشتگیرەی كە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنین، بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان كار بۆ جێبەجێكردنیان دەكات، ئەمە یەكەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم پلانێكی لەم شێوەیە ڕادەگەیەندرێت، بۆ ئەوەی چیتر عێراق و كوردستان چاوەڕێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان نەكەن، بەڵكو بۆ خۆیان هەردوو حكوومەت لە بیروباوەڕ و مەنهەجی حوكمڕانیی خۆمان ئەوە بچەسپێت، كە كار بۆ بەدیهاتن و چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ دەكات و چیتر چاوەڕێی ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتیانە نەكات، كە سەبارەت بەم بابەتە لەلایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە دەردەكرێن".


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە