پلەکانی شارەزا دەکرێنەوە ئاسایی
پەیامی کورد ... پلەکانی شارەزا دەکرێنەوە ئاسایی
بەڕێوبەری ئامار لە خانەنشینی ھەرێمی كوردستان رایدەگەێنێت ، بەپێی یاسای چاكسازی مامەڵەیان لەگەڵ ئەو كەسانە دا كردووە، كە بە شارەزا دامەزراون، چوونكە شارەزا پلە تایبەت نییە و گەڕاونەتەوە بۆ سەر پلەی خۆیان، كە فەرمانبەری ئاسایین. ڕەتیشی كردەوە كە مووچەیان بۆ ٣٠٠ھەزار كەم كرابێتەوە و باسی لەوە كرد، ھەیە مووچەی دەگاتە یەك ملیۆن دینار، ئەوەشیان بەپێی بڕوانامە و خزمەتە.
سەباح موخلیس،بەڕێوبەری ئامار لە خانەنشینی ھەرێمی كوردستان ووتی: "ئێمە وەكوو خانەنشینی ھەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای چاكسازی مامەڵەمان لەگەڵ ئەوانەدا كردووە كە بە شارەزا خانەنشین كراون، لە ماددەیەكیدا ھاتووە، پێویستە مووچەیان ھەموار بكرێتەوە و ببنە فەرمانبەری ئاسایی، چوونكە شارەزا پلە تایبەت نییە و پلەی تایبەت لە بەڕێوبەری گشتی بۆ سەرەوەیە، بەڵام شارەزا پلەی تایبەت نییە و تەنھا بەپێی خزمەت و بڕوانامە بۆیان ھەژمار دەكرێت و پلەی تایبەت پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێ بدات، بۆیە ئەوانەی پێشتر بە پلە تایبەت ھەژمار كراون و مووچەیان زیاد بووە، ئێستا پلەی تایبەت نەماون و بوونەتە فەرمانبەری ئاسایی".
موخلیس ووتیشی: "ئەوانەی كە بوونە فەرمانبەری ئاسایی، مووچەیان كەم دەبێتەوە، بۆیە ھەڵسان بە تانەدان لە بڕیارەكە و تانەكەیان ڕەت كرایەوە، چوونكە پەرلەمان بڕیاری لێ داوە و پێویستە یاسا ھەموار بكرێتەوە تا مووچەیان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام لە ئێستادا حكوومەت پێویستی بە پارە ھەیە و چاكسازی دەكات، بۆیە ھەر یەك بەپێی خزمەت و بڕوانامە مووچەی پێ دەدرێت".
ناوبراو، ڕەتیشی كردەوە كە مووچەیان بۆ ٣٠٠ھەزار كەم كرابێتەوە، كە پێشتر مووچەیان زیاتر لە ملیۆنێك دینار بوو و گوتی ، لە ٤٠٠ هەزار تا ملیۆنێك مووچەیان دەست پێ دەكات، ئینجا چەند خزمەتی زۆر بێت و بڕوانامەی بەرز بێت، مووچەی زیاترە، بەڵام ھەندێك ئیمتیازاتیان ھەبوو لە پلەی تایبەت وەكو شارەزا، ئەوانە نەماون.
دەشڵێ: "ئێمە بەپێی یاسا مامەڵەمان لەگەڵ ئەوانەدا كردووە، كە وەكو شارەزا دامەزراون و كراونەتە پلە تایبەت، ئەمەش جێبەجێكردنی دادپەروەرییە و ئێستا مافی خۆیان وەردەگرن".
بەپێی ئامارێك، لە ھەرێمی كوردستاندا ٥٠٠ شارەزا ھەبوونە و پلەیان لە تایبەت بۆ فەرمانبەری ئاسایی گۆڕدراوە، كە ئێستا بەپێی خزمەت و بڕوانامە مووچەیان پێ دەدرێت.
ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە