په‌رله‌مان و حکوومەت دۆخی شەنگال و ناوچه كوردستانییه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن
پەیامی کورد ... پەرله‌مان و حکوومەت دۆخی شەنگال و ناوچه كوردستانییه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن
بە مەبه‌ستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکكەوتنی شەنگال و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بە شێوه‌یه‌كی گشتی و ھەماھەنگی نێوان حکوومەت و پەرلەمان لەسەر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئەو ناوچانە، ئەمڕۆ دووشەممه ٢٠٢٠/١١/٩، لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم، بە سەرپەرشتی جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه، له هۆڵی لیژنه له ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆ و خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا و دانا عه‌بدۆلكه‌ریم وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن و سەرۆکی گشتی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەره‌وەی ئیداره‌ى ھەرێم كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەسەر ڕێکكەوتنی شەنگال و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بەگشتی و ھەماھەنگی نێوان حکوومەت و پەرلەمان لەسەر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی ئەو ناوچانە کرا، لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان داوای لە شاندی میوان کرد ھەوڵەکانیان چڕ بكه‌نه‌وه بۆ درووست‌کردنی ڕێکكەوتنی زیاتر لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک، دوای گفتوگۆیەکی چڕ‌وپڕ و ئاڵوگۆڕکردنی ڕا و زانیاری لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە، ھەردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كە پێویسته یەكڕیزیی ناوخۆیی ھەبێت بۆ ئەو داواكارییانەی كە تایبەتن بە ماددەی ١٤٠ و ھەموو ھەوڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه بۆ دروستكردنه‌وه‌ى لیژنەی تایبەت بەو مادده‌یه، بۆ ئەوەی دەستبەكار بێت و بەپێی دەستوور ئەو ماددە و بڕگانەی دانی پێدا نراوە جێبەجێ بكرێن.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو ھەنگاوانە ده‌ربڕی كه حکوومەت ناویەتی سەبارەت بە ڕێككەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی شەنگال و ھەوڵەكانیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە و جه‌خت له‌وه‌ش كرایه‌وه كه پێویسته ھەوڵەکان چڕتر بکرێنه‌وه بۆ ئەوەى بە زووترین کات ڕێككه‌وتنی شنگال بکەوێتە بواری جێبەجێکردنه‌وه.
لە کۆتایی دیداره‌كه‌دا لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان سوپاسی شاندی حکوومەتى کرد بۆ ھەوڵەکانیان به مه‌به‌ستی چارەسەركردنی کیشەی ئەو ناوچانه، هه‌روه‌ها کۆمەڵێک داواکاریی خەڵکی ئەو ناوچانەش کە ئاراستەی لیژنەكه کرابوون گه‌یانده شاندی حکوومەت.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە