په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ڕۆژى جیهانی ئافره‌تاندا
پەیامی کورد ... په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ڕۆژى جیهانیى ئافره‌تاندا
ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی هەشتی مارس پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە.
دەقی په‌یامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، له ڕۆژى جیهانیى ئافره‌تاندا:
ڕۆژى جیهانی ئافره‌تان به گه‌رمى له ته‌واوى ژنانى كوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنى زیاتر، كۆڵنه‌دان و به‌رده‌وامییان بۆ ده‌خوازم.
ئافرەتان ساڵانێکی زۆرە خۆیان ڕێكخستووه و لە هەموو بوارەکاندا خەبات دەکەن بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانیان و بنبڕکردنی چەوساندنەوە و تووندوتیژی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نایەکسانی. وه‌ك چۆن پێشتر له بوارى چاكسازی یاسایى، سیاسه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى، سه‌ربه‌خۆیى دارایى و په‌روه‌رده‌دا پشتگیریمان له ژنان كردووه، به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌میشه پشتگیرى له خه‌باتیان ده‌كه‌ین بۆ مسۆگه‌ركردنى ته‌واوى مافه‌كانیان.
هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌بێ ئازادیى ئافره‌ت، ئازاد نییه و پێشناكه‌وێت. كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌رێمى كوردستان بوارى زیاتر به به‌شداریى ژنان له ژیانى سیاسى و به‌ڕێوه‌بردن و هه‌موو بواره‌كانى دیكه‌دا بدرێت، توندوتیژى دژى ژنان و پێشێلكردنى مافه‌كانیان كه مایه‌ى نیگه‌رانییه، كۆتایى بێت.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هەرێمی کوردستان پێویستی بە کار و سیاسەت و ستراتیژی نوێ، به به‌شداری هه‌مووان هەیە. پەروەردە و فێرکردن و برەودان بە توێژینەوەی ئەکادیمی و کاری زانستی، هۆشیارى و گفتوگۆى هەمەلایەنە، باشترین ڕیگه‌ن بۆ گەیشتن به‌م ئامانجە.
ستایش و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و خانمانه‌ى متمانه‌یان به خۆ بووه، له كایه و بواره جیاكانى ژیاندا چوونه‌ته پێشه‌وه و خۆیان سه‌لماندووه، له ڕاپه‌راندنى ئه‌رك و كاره‌كانیاندا سه‌ركه‌وتوون و بوونه‌ته پێشه‌نگ. هه‌روه‌ها ئافره‌تانى كوردستان، ده‌بێ هاوشانى ژنانى جیهان، ئاماده‌یى و به‌شداری زیاتریان هه‌بێت له پرسه‌كانى ئافره‌تان و پرسه‌كانى دیكه‌ى ژیاندا.
له‌م یاده‌دا كار و خه‌باتى ئافره‌تانى كوردستان له ڕێكخراوه حكوومى و ناحكوومییه‌كان، له فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌كاندا به به‌رزى هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. به ڕێز و پێزانینه‌وه له ئه‌رك و ڕه‌نج و ماندووبوونى هه‌موو ئه‌و خانمه كۆڵنه‌دارنه ده‌ڕوانین كه له هه‌ر بوارێكى كه‌رتى گشتى و تایبه‌تدا كار ده‌كه‌ن و به‌شدارییه‌كى كارا له به‌ڕێوه‌بردن و بنیاتانى كۆمه‌ڵگه و وڵات‌دا ده‌كه‌ن.
سڵاو له گیانى پاكى هه‌موو ئه‌و خانمانه‌ى له‌پێناو یه‌كسانى و به‌دیهێنانى مافه‌كانى ژناندا گیانیان به‌خشى و هه‌موو ئه‌وانه‌ى بوونه‌ته قوربانیى تووندتیژى. گیانیان شاد و یادیان هه‌میشه به خێر.
شكۆدار بێت یادى هه‌شتى مارس، ڕۆژى جیهانی ئافره‌تان.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/3/8
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە