پێشوازی ئەنجوومەنی وەزیران لە بڕیارێکی یاسای بوودجەی حکوومەتی فێدڕاڵی
پەیامی کورد ... پێشوازی ئەنجوومەنی وەزیران لە بڕیارێکی یاسای بوودجەی حکوومەتی فێدڕاڵی
ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە هەوڵەکانی لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاسای بوودجەی فیدراڵ دەکات کە ڕێگرن لە بەرانبەر خەرجکردنی بەشە بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان
چوارشەممە 1/10، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بوودجەی فیدرال و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکوومەتی فیدراڵ کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانووستانکاری هەرێم بۆ هەوڵەکانیان لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی زانیاری پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری لە بواری میلاکی وەزیفیی و نەوت و داهات وخەرجیە نەوتی و نانەوتییەکان، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕی لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێش چوونەکان بە ئاراستەی هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت وبەندانەی یاساکە کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بوودجە ومووچەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.
سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەێندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لە بارەی ڕێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دەستنیشانکردنی قەدەخەکراوی ڕێگە گشتییەکان بۆ لابردنی زیادەڕەوی لە سەر ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەکان کرا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
سەرەتا سەرۆک وەزیران وێڕای ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ڕێگا و شەقام و شوێنە گشتییەکان وەک مۆڵکی گشتی لە هەر زێدەڕۆییەک کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان بگەیەنێت بە گوێرەی ئەو ڕێکار و میکانیزمانەی لە ناو یاسای پاراستنی ڕێگا گشتیەکان هاتوون.لە هەمانکاتدا داواشی کرد لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ زێدەڕۆییەکان بکرێت .لەم ڕووەوە ئەنجومەنی وەزیران، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد مۆڵکی گشتی و ڕێگا و شەقامەکان لە هەر زێدەڕەوییەک بپارێزن کە دژ بە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییانە.
ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە